وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان ٢٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە. دەشڵێت، " زیاتر لە نۆ هەزار کەسیان منداڵن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢٢ هەزار و ٤٠٤ کەس کە لە نۆ هەزار و ١٤ کەسیان منداڵن.
ئاماژەی
بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٥٦ هەزار و ٤٥٢ کەسی تێپەڕاندووە
کە ٤٥٪ـی بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان ناجێگیرە و تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا
خراپتر دەبێت.
ئەوەشی
خستە روو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە ١٠٠ کەس گیانی
لەدەستداوە و ١٤٠٠ کەسیش برینداربوون.
باسی لەوەش
کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیل لە ناوچەکانی ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەوی
رابردوو ٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون.
لای خۆشییەوە،
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ململانێکانی ئەمڕۆی کەرتی غەززەدا سێ سەربازیان گیانیان
لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی سەربازانی ئیسرائیل بۆ ٥٠١ کەس بەرزبووەتەوە.
وتیشی، "ژمارەی ئەو سەربازانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون گەیشتووەتە دوو
هەزار و ١١٠ سەرباز".
لە رۆژی
٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان
فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.