وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان نزیک دەبێتەوە لە ٢٢ هەزار کەس.
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢١ هەزار و ٥٠٧ کەس کە زیاتر لە هەشت هەزار و ٢٣٥ کەسیان منداڵن.
ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان
٥٥ هەزار و ٩١٥ کەسی تێپەڕاندووە کە ٤٠٪ـی بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە
و خواردن و خواردنەوەش بەپێی پێویست نییە، تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.
باسی لەوەش کرد، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیل لە ناوچەکانی
ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەوی رابردوو ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش
برینداربوون.
لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ململانێکانی
ئەمڕۆی کەرتی غەززەدا سێ سەربازیان گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی گیانلەدەستدانی
سەربازانی ئیسرائیل بۆ ٥٠١ کەس بەرزبووەتەوە. وتیشی، "ژمارەی ئەو سەربازانەی
لە سەرەتای جەنگەکەوە برینداربوون گەیشتووەتە دوو هەزار و ١١٠ سەرباز".
لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی
حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا
بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.