سەردێڕ:

سەرباری کۆتاییهاتنی ئاگربەست؛ ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە بەردەوامە

PM:04:30:17/12/2023

1332 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ ٤٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لەگەڵ شەش بارهەڵگری سوتەمەنی رەوانەی کەرتی غەززە کراون و ئامادەکاریش دەکرێت بۆ رەوانەکردنی سەدان بارهەڵگری دیکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لەدوای تەواوبوونی قۆناغی پشکنین لە دەروازەی کەرەم ئەبو سالم ٤٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لەگەڵ شەش بارهەڵگری سوتەمەنی رەوانەی کەرتی غەززە کران.

ئاماژەیان بەوەش کرد، دەسەڵاتدارانی میسر لە دەروازەی رەفح ئامادەکاری دەکەن بۆ رەوانەکردنی کاروانێکی نوێی سەدان بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی بۆ دەروازەی کەرەم ئەبو سالم و عەوجە و لەوێشەوە بۆ کەرتی غەززە.

ئەوەشیان خستە روو، وڵاتی میسر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان، لە ئامادەکارییدایە بۆ ئەوەی چەندین برینداری فەڵەستینی رەوانەی نەخۆشخانەکانی باکوری سینا بکرێن بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.

رۆژی رابردوو، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە بەرپرسانی ئیسرائیل و قەتەڕ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج کۆببنەوە تا دووبارە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل زیندوو بکەنەوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری