سەردێڕ:

تەندروستی غەززە: ئاماری گیانلەدەستدان نزیک دەبێتەوە لە ١٩ هەزار کەس

PM:08:33:14/12/2023

1244 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی گرژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ ١٨ هەزار و ٦٠٨ کەس بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، " ناوچەکە دووچاری قەیرانێکی سەختی مرۆیی بووەتەوە و بەشی پێویستیش خواردن و خواردنەوە نەماوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی غەززە بە ئاژانسی هەواڵی سکای نیوزی راگەیاند ، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەرەو پەرەسەندنی زیاتر هەنگاو دەنێت لە کەرتی غەززە و بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ١٨ هەزار و ٦٠٨ کەس کە زیاتر لە حەوت هەزار و ١٠٠ کەسیان منداڵن.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ژمارەی بریندارەکان ٥٠ هەزار و ٥٩٤ کەسی تێپەڕاندووە کە ٣٠٪ بریندارەکانیش بارودۆخی تەندروستیان سەختە و خواردن و خواردنەوەش بەپێی پێویست نییە، تادێت دۆخی مرۆیی لە ناوچەکەدا خراپتر دەبێت.

وتیشی، "زیاتر لە ٣٢٥ هەزار حاڵەتی نەخۆشی گوازراوە لەناو بریندارەکان و ناوچەکەدا تۆمارکراوە و دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەسیش دووچاری نەخۆشی دەبنەوە".

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل کوژرانی چوار سەربازی دیکەی لە کاتی شەڕەکانی کەرتی غەززە راگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو سەربازانەی ئیسرائیل سەرەتای جەنگەوە کوژراون گەشتە ٤٣٦ سەرباز و نزیکەی هەزار و ٦٤٥ سەربازیش برینداربوون.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە لە دوای هێرشێکی چەکدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و لە هەردوولا بە هەزاران کوژراو و بریندار هەیە.













گەلەری