دەزگای فریاگوزاری و کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'ئونروا' رایگەیاند، لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەماس و ئیسرائیل دۆخی تەندروستی ئاوارەکانی کەرتی غەززە بەرەو خراپتر دەچێت و رێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەردەوام لە زیادبووندایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای فریاگوزاری و کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە 'ئونروا' رایگەیاند، لەدوای دەستپێکردنەوەی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دۆخی تەندروستی ئاوارەکانی خراپتر بووە و هەزارەها حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە لەنێو منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵدا تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی
زیادبوونی لێشاوی ئاوارەکان بۆ قوتابخانە و پەناگەکانی دیکە نەخۆشییەکان بەشێوەیەکی
خێراتر بڵاودەبنەوە.
ئەوەشی خستە روو، دوای
کۆتاییهاتنی ئاگربەست ٤٥٪ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەکاتی بۆردوومانەکان وێران بوون
و قەیرانی ئاو لە ناوچەکەدا دروستبووە.
هاوکات بەپێی ئامارەکان،
ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بۆ زیاتر لە ١٥ هەزار و ٢٠٠ کەس بەرزبوونەتەوە کە زیاتر
لە چوار هەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵن.
جگە لەوەش، زیاتر لە ٤٠
هەزار و ٦٥٢ کەس برینداربوون و ٣٠٪ بریندارەکان ژیانیان لە مەترسیدایە و زیاتر لە
٨٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
هەفتەی رابردوو، حەماس
و ئیسرائیل ئاگربەستێکیان ئەنجامدا و لەماوەى هەفتەیەکدا حەماس زیاتر لە ١٠٠ بارمتە
و ئیسرائیلیش ٢٤٠ بارمتەی فەڵەستینى ئازادکرد.
جەنگی حەماس و ئیسرائیل
لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە،
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.