ئاگربەستی شەش رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات و ئەمریکاش دەڵێت، لەگەڵ قەتەر و میسر لە هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست.
ئەمڕۆ هەینی، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل کۆتایی هات و ئەفیجای ئەدەرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ میدیای عەرەبی رایگەیاند، حەماس دەستیکردوتەوە بە هێرشەکانی و لە تونێلەکانی ژێر زەوییەوە هێرشی کردووە.
هاوکات، جۆن کێربی رێکخەری ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆشکی سپی باسی لەوەکرد،
ئەمریکا لە گفتووگۆدایە لەگەڵ میسر و قەتەر بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست. دەشڵێت،
"تاوەکو ئێستا پێمان وایە ئیسترائیل خاوەنی حەقە و بەردەوام دەبین لە
پشتگیریکردنی".
ئەوەشی خستەڕوو، تاوکو ئێستا شەش دیلی ئەمریکی ئیسرائیلیان جێهێشتووە و یەک
دیلی دیکە ماوە ئازاد بکرێت.
هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی حەماسەوە بڵاویکردووەتەوە،
ئەو گروپە چەکدارییە ئامادەن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و سەرجەم لایەنەکان لە
هەوڵێکی جددیدان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست.
لە هەینی رابردوو، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان دەستپێکرد و
دواتر بۆماوەی دوو رۆژ درێژکرایەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوەی حەماس ٥٠ دیلی
ئیسرائیلی و بیانی رزگار بکات و لە بەرامبەر هەر یەکیان ئیرائیل سێ دیلی فەڵەستینی
رزگار بکات.
جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە
٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای
ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.