سەردێڕ:

لە دووەم رۆژی ئاگربەست؛ حەماس ١٤ دیل و ئیسرائیل ٤٢ دیل ئازاد دەکەن

PM:06:12:25/11/2023

1136 جار خوێندراوەتەوە

لە دووەم رۆژی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بەپێی رێککەوتنی هەردوولا بڕیارە حەماس ١٤ بارمتەی ئیسرائیل بەرامبەر بە ٤٢ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات.


ئەمڕۆ شەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە دووەم رۆژی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، بڕیارە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ٤٢ بارمتەی فەڵەستینی ئازاد بکەن.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ٤٢ فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە، حەماسیش ١٤ بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات کە لەسەرەتای دەستپێکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە دەستبەسەری کردوون.

هاوکات مانگی سووری میسری بڵاویکردەوە، لە دووەم رۆژی ئاگربەستدا بڕی حەوت بارهەڵگری سووتەمەنی لەگەڵ ١٠٠ بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززە کراوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، بڕیارە ئەمڕۆ نزیکەی ٢٦٠ بارهەڵگری هاوکاری رەوانەی کەرتی غەززە بکرێت و نزیکەی ٣٠٠ بارهەڵگری دیکەش بە مەبەستی تەواوکردنی رێککارەکانی پشکنین بەرەو دەروازەی عوجە بەڕێکەوتوون.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، رۆژی رابردوو ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ماوەی چوار رۆژ دەستی پێکرد و لە یەکەم رۆژی ئاگربەستدا، حەماس ١٣ بارمتەی ئیسرائیلی و ١١ بارمتەی بیانی بەرامبەر بە ٣٩ بارمتەی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری