میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، دوای ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس ئەمڕۆ میسر هاوکارییە مرۆییەکانی بە سەدان بارهەڵگر گەیاندە غەززە.
ئەمڕۆ هەینی، میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا و هەر لەگەڵ هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس میسر دەستی کردەوە بە ئامادەکاری بۆ ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە.
میدیاکان
ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەمڕۆ وڵاتی میسر لە دەروازەی رەفەحەوە جلوبەرگ و خۆراک و پێداویستی
پزیشکی و پێخەف و چەندین کەرەستەی دیکەی بە ٥٠٠ بارهەڵگردا گەیاندە ئەو شارە.
ئەوەش
خراوەتە روو، لە پاڵ ئەو پێداویستیانەدا ئەو وڵاتە بە سەدان تەنکەر سووتەمەنی و
غازی بۆ دانیشتووانی غەززە ناردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی زۆری پێداویستی هاوڵاتیان
و نەخۆشخانەکان و ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن پڕبکاتەوە.
ئەمەش لە
کاتێکدایە، رۆژی پێشوو دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکرد
و بڕیارە، تاوەکو چوار رۆژ بەردەوامبێت و لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە دەست بە ئاڵوگۆڕکردنی
دیلەکان بکرێت.
بەپێی
دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا ١٤ هەزار
و ٨٥٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠ کەسیان
منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.
جەنگی حەماس
و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە،
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.