سەردێڕ:

بەهۆی بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک لە کەرتی غەززە نزیکەی ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:11:49:23/11/2023

1784 جار خوێندراوەتەوە

جەنگی حەماس و ئیسرائیل دەچێتە رۆژی ٤٨ـەمینەوە لە ساتەکانی نزیک لە بەستنی ئاگربەستدا، سوپای ئیسرائیل قوتابخانەیەکی لە کەرتی غەززە بۆردوومانکرد کە بەهۆیەوە ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی ئەبو حوسێن کە ژمارەیەک ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٣ کەسیش برینداربوون.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠ کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەکرد، سبەی هەینی کاتژمێر ٧ـی بەیانی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەست پێدەکات و لە ماوەی چوار رۆژدا ٥٠ بارمتە ئازاد دەکرێن و هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری