رێکخراوی یونیسێف رایگەیاند، لەماوەی ٤٦ رۆژدا لە کەرتی غەززە زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستادا کەرتی غەززە مەترسیدارترین جێگایە لە دونیادا بۆ منداڵان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان(یونیسێف) رایگەیاند، لە ئێستادا مەترسیدارترین جێگەی دونیا بۆ منداڵان کەرتی غەززەیە، بەو پێیەی بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە هەزاران منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ لە ماوەی
تەنها ٤٦ رۆژدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ منداڵیش، تاوەکو ئێستا
بێسەروشوێنن کە پێدەچێت هەندێکیان لە ژیاندا مابن.
ئەوەشی خستە روو، منداڵانی غەززە بەهۆی بارودۆخی ژیانی
کارەساتبارەوە لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین و زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ، رووبەڕووی
نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە کە رەنگە بەم زووانە ببێتە قەیرانێکی کارەساتبار بەهۆی
توشبوون بە بەدخۆراکییەوە.
سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان حەماس
و ئیسرائیل، رێکخراوی یونیسێف باسی لەوە کرد، بەستنی ئاگر بەستی سادە بەس نیە بۆ ئەوەی
منداڵان بژین، بۆیە پێویستە ئاگربەستی مرۆیی ببەسترێت و دەستبەجێ کۆتایی بە گرژی و
ئاڵۆزییەکان بهێنرێت.
ئەمڕۆ حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسڕ و ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاگربەستێکی چوار رۆژییان راگەیاند و بڕیارە لەو ماوەیەدا
٥۰بارمتەی ژن و منداڵی مەدەنی ئیسرائیلی کە لای حەماسن ئازاد بکرێن و لەبەرامبەردا
ژمارەیەک زیندانی کراوی فەڵەستینیش لە زیندانەکانی ئێسرائیل ئازاد بکرێن، هاوکات
ژمارەیەکی زۆری کاروانی هاوکاری مرۆیش بگەیەنرێتە غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی
رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە
لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.