سەردێڕ:

حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستی کاتییان راگەیاند

AM:08:37:22/11/2023

26864 جار خوێندراوەتەوە

حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسڕ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاگربەستێکی چوار رۆژییان راگەیاند و لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتووشدا کاتەکەی رادەگەیەنرێت.


وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا؛ بە نێوەندگیری ئەوان و میسڕ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەوەش هاتووە، ئاگربەستەکە بۆماوەی چوار رۆژە و ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتووشدا کاتەکەی رادەگەیەنرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکەی قەتەر، لەو ماوەیەدا ٥۰ بارمتەی ژن و منداڵ و مەدەنی ئیسرائیلی کە لای حەماسن ئازاد دەکرێن و لەبەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی کراوی فەڵەستینیش لە زیندانەکانی ئێسرائیل ئازاد دەکرێن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کاروانی هاوکاری مرۆیش دەگەیەنرێتە غەززە.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.

 

 

دوێنێش نوسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٧ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تۆمار کراون و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە بەشی رۆژئاوای کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.

 

 

 


 













گەلەری