سەردێڕ:

بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەرانەوە؛ پێنج کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

PM:07:54:15/11/2023

1412 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای لوتکە رایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە ١٣ کەسی هەڵگرتبوو، لە دەرەوەی کەنداوی کلیۆپاترا لە سنوری تورکیا ژێرئاو کەوتووە، بەو هۆیەشەوە پێنج کۆچبەر خنکان و دوو کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون.


ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای لوتکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەلەمێکی کۆچبەران کە ١٣ کەسی هەڵگرتبوو، لە کاتژمێرەکانی کۆتایی رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لە دەرەوەی کەنداوی کلیۆپاترا لە شاری چەشمەی تورکیا بەهۆی ناجێگیری کەشوهەواوە ژێرئاو کەوتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەوە، پێنج کۆچبەر خنکاون و دوو کۆچبەری دیکەش بێسەروشوێن بوون و نەتەوە و ڕەگەز و تەمەنی رزگارکراو و خنکاو و بێسەروشوێنەکان تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراون.

ئەوەش خراوەتە روو، پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا کەسێکیان لەناو دەریادا رزگارکردوە و دواتر پێنج کەسیان لەسەر وشکانی دۆزیوەتەوە کە تەندروستیان باشە، لە کاتی گەڕاندا چوار تەرم لە دەریادا دۆزراونەتەوە و تەرمێکیشیان لەسەر وشکانی دۆزیوەتەوە.

باس لەوەش کراوە، لە کاتی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەوە تائێستا گەڕان و پشکنین بۆ بێسەروشوێنەکان بەردەوامە بەڵام هەتاوەکو ئێستا هیچ کامیان نەدۆزراونەتەوە.












گەلەری