سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بۆ نزیکی ١٠ هەزار کەس بەرزبووەوە

PM:09:02:06/11/2023

1308 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار و ٧٠٠ کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە چوار هەزاریان منداڵن. زیاتر لە ٢٤ هەزار و ٨٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.


ئەمڕۆ دوشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە نۆ هەزار و ٧٧٠ هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە چوار هەزار و ٨٠٠ـیان منداڵ بوون و دوو هەزار و ٥٥٠ ـیان ژن بوون.

دەشڵێت، کۆی گشتی بریندارەکان لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ ٢٤ هەزار و ٨٠٨ بریندار بەرزبووەتەوە، هەروەها دوو هەزار و ٦٦٠ کەسیش بێسەروشوێنن کە هەزار و ٢٧٠یان منداڵن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل دەستیپێکردووە تا ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار هاوڵاتی فەڵەستینی کە دەکاتە نزیکەی ٪٧٠ دانیشتووانی فەڵەستین ئاوارەبوون.

ئەوەشی خستە روو، لە بۆردومانێکی توندی ئیسرائیل کە دوێنێ شەو لە کەرتی غەززە ئەنجامدرا، لانیکەم ٢٠٠ کەس کوژران.

جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری