سەردێڕ:

تەندروستى غەززە: بەهۆى بۆردومانکردنى ماڵێکەوە لە کەمپى مەغازی ٥١ کەس گیانیان لەدەستدا

AM:09:50:05/11/2023

1124 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بۆردوومانکردنی ماڵێک لە کەمپی مەغازی غەززە، زیاتر لە ٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسانى تەندروستى غەززە رایانگەیاند، بەهۆى بۆردومانکردنى ماڵێک لە کەمپى ئاوارەکانى مەغازی لە ناوەراستى غەزە، کە ژمارەیەکى زۆرى خەڵکى تێدابووە، ٥١ کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

لاى خۆیەوە سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ، ماوەى چوار کاتژمێر لە ١٠ی پێش نیوەڕۆوە تاوەکو ٢ی دوانیوەڕۆ رێگا بە دانیشتوانى باکورى غەززە دەدەن ناوچەکانیان بەرەو باشور چۆڵبکەن.

سوپای ئیسرائیل باسى لەوەشکردووە، شەوى رابردوو گروپە چەکدارەکان هەشت موشەکیان ئاڕاستەى ناوچەکانى ئیسرائیل کردووە و شەش موشەکیان تێکشکاندووە.

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش رایگەیاند، لە هەوڵەکانی بۆ راگەیاندنى راگرتنى کاتیی شەڕەکە بەمەبەستى گەیاندنى هاوکارى مرۆیی بە دانشتوانى غەززە بەردەوامە.

ئەمە لەکاتێکدایە، نزیکەى مانگێکە شەڕى ئیسرائیل و فەڵەستین بەردەوامە و بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ١٠ هەزار فەڵەستینى و هەزار و ٤٠٠ ئیسرائیلى گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسی تر لە هەردوولا برینداربوون.













گەلەری