سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل رێگرن لە گەیاندنی هاوکارییەکان بە ٣٠٠ هەزار ئاوارە

PM:12:28:03/11/2023

1300 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر باکوری کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کە لە ژێر بۆردومانی چڕدایە، ڕێگریی دەکات لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی.


ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێکدا نوسینگەی هەماهەنگیی هاوکاریی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیاریی سەبارەت بە ڕەوشی کەرتی غەززە خستووەتە روو.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە هاتووە، ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئیسرائیل لە باکوری کەرتی غەززە، رێگریی دەکات لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە نزیکەی ٣٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی.

باس لەوەش کراوە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە باکوری ناوچەکە و شاری غەززە بە بەراورد بە بەشەکانی دیکەی کەرتی غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو وێران بووە و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ٣٠٠ هەزار کەس کە لە باکوری غەززە دەربەدەربوون، گەیشتووەتە خاڵی وەستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پاش لەکارکەوتنی تاکە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە، ٧٠ توشبووی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٧ـی مانگی رابردووەوە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە پێنج هەزار کەس لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بەهۆی شەڕەکەشەوە سوپای ئیسرائیل گەمارۆی شاری غەززەی داوە و دوو جار پەیوەندی شارەکەی لەگەڵ جیهاندا بڕیوە و کارەبا و ئاوی لە شارەکە بڕیوە.













گەلەری