سەردێڕ:

بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:07:44:31/10/2023

2720 جار خوێندراوەتەوە

لە هێرشێکى سوپاى ئیسرائیلدا بۆسەر ناوچەى جەبالیاى باکورى غەززە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، سوپاى ئیسرائیل دەستپێکردنى هێرشى زەمینى راگەیاند و حوسییەکانى یەمەنیش دەڵێن، "ژمارەیەک موشەک و درۆنیان ئاڕاستەى ئیسرائیل کردووە".


ئەمڕۆ سێشەممە، میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشێکى فڕۆکەکانى ئیسرائیل بۆسەر خێوەتگەى جەبالیا لە باکورى غەززە ٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.

لاى خۆیەوە ئەفیخاى ئەدرعى وتەبێژى سوپاى ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، هێزەکانیان لە ناو کەرتى غەززە هێرشیانکردووەتە سەر بارەگایەکى سەربازى حەماس، هاوکات لە بەرى باشوریشەوە هێرشى زەمینییان کردووەتە سەر غەززە، ئەوە جگە لەوەى زیاتر لە ٣٠٠ ئـامانجیان لە رێگەى فڕۆکەوە کردووەتە ئامانج.

لەلایەکى دیکەوە وتەبێژى حوسییەکانى یەمەن ئەوەی ئاشکراکرد، ژمارەیەک موشەک و درۆنیان ئاڕاستەى ئیسرائیل کردووە، ئەوەش جارى سێیەمە موشەک وەکو پشتیوانى بۆ حەماس ئاڕاستەى ئیسرائیل دەکەن.

هاوکات، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە فەڵەستین ئەوەی خستەڕوو، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، بە جۆرێک کە لە هەر پێنج خولەکێکدا منداڵێک گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکى دیکەوە رێکخراوى یونیسێف، هۆشداریدا لەوەی بەهۆی کەمی ئاو و خۆراکەوە غەززە لە کارەسات نزیکبووەتەوە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری