تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ زیاتر لە هەشت هەزار و ٣٠٠ کەس بەرزبووەتەوە و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و ٤٢٠ کەس لە وڵاتەکەی گیانیان لەدەستداوە.
ئەمرۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتە ٢٣ رۆژی تێپەڕاندووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتووەتە زیاتر لە هەشت هەزار ٣٠٠ کەس، کە نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠یان منداڵن و زیاتر لە ٢٢ هەزار کەسیش بریندارن.
میدیاکانی ئیسرائیلیش
بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان تا ئێستا هەزار و ٤٢٠ کەس
گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکى دیکەوە
بەڕێوەبەری یونیسێف هۆشداری دەدات لەوەی غەززە لە کارەسات نزیک دەبێتەوە بەهۆی کەمی
ئاو و خۆراکەوە.
لە چەند رۆژی
رابردوودا، ئیسرائیل هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێتی لە کەرتی غەززە پچڕاند و
دواتر ئیڵۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، خزمەتگوزاری پەیوەندیکردن
و ئینتەرنێت بۆ رێکخراوە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان لە کەرتی غەززە
لەڕێگەی مانگی دەستکردی ستارلینگەوە دابیندەکات.
لە ٧ـی تشرینی یەکەمەوە
جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکرد و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە
لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.