سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری ورد لەسەر داهاتی دەروازە سنوورییەکان بڵاودەکاتەوە

PM:10:28:22/09/2023

2848 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى سۆراغی سێ تیمی ئێن ئاڕتى لە دەروازە جیاوازەکان داهاتى خاڵە سنوورییەکانى هەرێم حزب کۆنترۆڵى کردووە و زۆربەى داهاتەکەى ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت.


هەرچەندە حکومەت داهاتى مانگانەی خاڵە سنوریەکانى بە ١٢٠بۆ ١٣٠ ملیار دینار دیاریکردوە، بەڵام ئێن ئاڕتى زانیویەتى داهاتەکە دوو ئەوەندەیە زیاترە و زۆربەشى نادیارە.

بەپێى سۆراغى ئێن ئاڕتى ئەو داهاتەى لە دەروازەى حاجى ئۆمەران دەست دەکەوێت نزیکەى ٦٠ ملیار دینارى مانگانەیە کەچى حکومەت بە تەنیا ٢٥ ملیار دینار خەمڵاندویەتى.

باشماخیش داهاتى مانگانەى بە نۆ ملیار دینار لەلایەن حکومەتەوە دیارى کراوە کەچى داهاتەکە بەپێى سۆراغەکەى ئێن ئاڕ تى نزیکەى ٥٠ میلیار دینارە و زۆربەى دەچێتە گیرفانى حزبەکەوە.

داهاتی مانگانەی پەروێزخانیش بە ١٨بۆ ١٩ ملیار دینار خەمڵێنراوە لەکاتێکدا بەو داهاتەوەى حزب دەیبات زیاترە لە ٤٠ ملیار دینار.

هاوکات برایم خەلیل و دەروازە لاوەکیەکانیش داهاتى مانگانەیان لەسەروو ١٥٠ ملیار دینارەوەیە و کەمترینى دەگاتە خەزێنەى حکومەت.

بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕتی داهاتی دەروازە سنوورییەکان نزیکەی دوو هێندەی ئەو ژمارەیە کە دەچێتە خەزێنەى حکومەت، چونکە پارەی تەنسیقات و باج و سەرانەی دەیان کۆمپانیای حزبەکانی دەسەڵات، هێندەی داهاتی گومرک، داهاتیان لەو دەروازە سنوورییانەوە دەست دەکەوێت و لە هەندێک لەو باجانەى هەیە ٨٠٪ـی بۆ کۆمپانیا حزبیەکانە.

بەوەش داهاتى دەروازە سنورییەکان ناتوانن ببنە بەشێک لە سەرچاوەى داهاتى نیشتیمانى کە پشتى پێببەسترێت و حزب وەک زۆربەى سێکتەرەکانى تر بۆ بەرژەوەندى بنەماڵەکانى قۆرغ کردووە.













گەلەری