بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، لەرووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای کۆیە-هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا کە ژنە و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
لەراگەیەندراوێکیدا، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە باسی لەوەکردووە، رووداوەکە لەسەر رێگای سەرەکی کۆیە-هەولێر لە نزیک کارگەی غازی گردجادر، لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی و ئۆتۆمبێلێکی پیکئابدا روویداوە و بەوهۆیەشەوە ژنێک بەناوی (شکرییە رەزا ئیسماعیل) گیانی لەدەستدا.
هاوکات، ئەوەش
خراوەتەڕوو، بەهۆی رووداوەکەوە شەش کەس برینداربوون.
بەگوێرەی
ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دوو هەزار و
٢٨٧ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، کە تیایدا ٣١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار
و ٩٩١ کەسیش برینداربوون.
رووداوەکانی
هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گیان لەدەستدان و برینداربوون یان کەمئەندامبوون
دادەنرێت لە هەرێم، کە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی رێگاوبان و کوالێتی رێگاوبانەکانەوە
هەیە و بەشێکیشیان پەیوەندی بە پابەندنەبوونی شۆفێران بە خێرایی دیارکراو و رێنماییەکانی
هاتوچۆوە هەیە.