سەردێڕ:

حەوت بەربەستى گەورە لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا سەرکەوتنی ئەردۆغان دەخەنە مەترسییەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى ئێستاى تورکیا
PM:01:38:10/05/2023

12976 جار خوێندراوەتەوە

حەوت بەربەستی گەورە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی تورکیادا هەڕەشە لەسەرکەوتنی ئەردۆغان دەکەن و ئەرکى ناوبراویان لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەى تورکیا قورس کردوە.


لەساڵی ٢٠٢٢ەوە نادڵنیاییەک هەیە لەوەی ئایا کێ دەبێتە سەرۆکی ئایندەی تورکیاو لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەدا دەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لەسەرەتای گەیشتنی پارتی دادو گەشەپێدان بەدەسەڵات کە لەلایەن ئەردۆغانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لەناوخۆی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا کێبەڕکێیەکی توند هەبوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئەوان یەکیانگرتووەو لەچوارچێوەی یەک هاوپەیمانێتیدا بەهەبوونی یەک کاندیدی هاوبەش کێبەڕکێی بەدەستهێنانی کورسى سەرۆکایەتى وڵاتەکە دەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، حەوت بەربەستی گەورە هەڕەشە لەمانەوە یاخود سەرکەوتنی ئەردۆغان دەکات لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا کەبریتین لە:
یەکەم: بەهێزی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، ئەمە یەکەمین جارە زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکدا کۆببنەوەو بەرەیەک لەژێر ناوی هاوپەیمانێتی میللەت دروستبکەن کە لە شەش پارت پێکهاتوون و رێککەوتوون لەسەر هەڵبژاردنی کاندیدێکی هاوبەش.

دووەم: بارودۆخی ئابووری، لەساڵی رابردوودا قەبارەی هەڵئاوسان لە ئابوری تورکیادا بەرێژەیەکی بەرز تۆمارکراو بەهای لیرەی تورکی دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و ئەمەش بوو بەهۆی خراپی گوزەرانی هاوڵاتیان و لایخۆیەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەسەڵاتی بەهۆکارو تاوانباری سەرەکی دۆخەکە ناساند.

سێیەم: دەنگی کورد، لەهەڵبژاردنەکانی رابردوودا، ئەردۆغان هەمیشە دەنگی بەدەستهێناوەو تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨شدا لەکاتێکدا سەڵاحەدین دەمیرتاش کە کاندیدێکی کورد بوو خۆی هەڵبژاردبوو ئەردۆغان توانی لەناوچە کوردییەکاندا دەنگەکانی نزیکبکاتەوە لەو دەنگانەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەدەستیهێنابوو، بەڵام ئەمجارە پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، بەڵێنیانداوە دەنگ بە کەمال کڵچدار ئۆغلو کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بدەن و چاوەڕواندەکرێت رێژەی ٦٢٪ی دەنگی شارە کوردییەکان بەدەستبهێنێت.

چوارەم: دابەزینی پشتگیری، راپرسییەکانی ساڵی رابردوو ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی هاوپەیمانییەکى ئەردۆغان، لەدابەزیندایە ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەوەیە کە رووبەڕووی تورکیا بووەتەوە، ئاوەش لەکاتێکدایە حکومەت رایگەیاندووە کە هۆکارەکان دەرەکی و جیهانین و تەنانەت گەورەترین ئابووریەکانی جیهانیش بەدەستیەوە دەناڵێنن.

پێنجەم: بومەلەرزەکەی شەشی شوباتی ئەمساڵ، یەکێکی دیکەیە لەهۆکارەکانی دابەزینی رێژەی دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانێتی دەسەڵاتی ئێستا ئەوەش بەهۆی درەنگ بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیانی ناوچە کارەساتبارەکان لەلایەن حکومەتەوە.

شەشەم: کێبەڕکێکردن لەگەڵ پارتی گەلى کۆمارى جەهەپە، کە پارتێکی عەلمانییەو لەسەر پرسی پۆشینی حیجاب بەتەواوی دژایەتی کرا لەکاتێکدا ئاکەپە، یەکێکە لەداکۆکیکارەکانی پۆشینی حیجاب لەلایەن ژنانەوە.

حەوتەم: دەنگی گەنجان، لەدەنگدانی ئەمجارەدا شەش ملیۆن گەنج بۆ یەکەمجار لەهەڵبژاردنەکەدا بەشداریدەکەن و پێناچێت پشتگیری سیاسەتەکانی پارتی دادو گەشەپێدان بکەن.













گەلەری