سەردێڕ:

کورد ململانێی نێوان ئەردۆغان و کلیچدار ئۆغلۆ یەکلایی دەکاتەوە؟

کورد کێبڕکێکی ئەردۆغان و کلیچدارئۆغلۆ یەکلایی دەکاتەوە
PM:03:02:29/04/2023

4216 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کورد وەکو هێزێکی کاریگەر دەردەکەوێت، پێشبینیش دەکرێت بە ١٥ ملیۆن دەنگدەر ململانێکانی نێوان 'جەهەپە' و 'ئاکپارتی' یەکلایی بکاتەوە.


پاش دەربڕینی پشتیوانی میدحەت سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان 'هەدەپە' لە کلیچدار ئۆغلۆ کاندیدەکەی 'هاوپەیمانی میللەت' و سەرۆکی پارتی کۆماری تورکیا 'جەهەپە'، لە ئێستادا کلیچدار ئۆغلۆ بە رێژەی ٤٧.٥٪ لەپێش رەجەب تەیب ئەردۆغانەوەیە ٤٤.٤٪، بۆیە بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان کورد رۆڵی یەکلاییکەرەوەی دەبێت لە ململانێکانی نێوان دوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا.

رۆژ بە رۆژ تا دێت ململانێکان چڕتر دەبنەوە و دوێنی ٢٨ی نیسان، هەڵبژاردن لە دەروازە سنورییەکانی تورکیا و هەندێک وڵاتی دیکە پرۆسەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد و بڕیارە لە ٧٥ وڵاتی دیکە هەڵبژاردنەکە بەرێوەبچێت، تاوەکو ٩ی مانگی ئایار ئەو کەسانەی لەدەرەوەی سنوری تورکیان و هەڵگری ناسمانەی تورکین دەتوانن دەنگ بدەن و ئەو هاوڵاتییانەشی لە ناوخۆی تورکیان لە ١٤ ی مانگی ئایار دەتوانن دەنگ بدەن، سیستمی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی تورکیا بەم شێوازەیە:-
No description available.

·بازنەکانی دەنگدان بە ٨٧ بازنە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دیاریکراوە و ژمارەی سندوقەکانی دەنگدانیش ١٩١ هەزار ٨٨٤ سندوقە.

·لەم هەڵبژاردنەدا ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەوانە چوار ملیۆن و ١٠٤ هەزارییان بۆ یەکەمجارە دەنگدەدەن.

·پارتە سیاسیەکانی تورکیا لەناوخۆدا رێکەوتوون و پێنج هاوپەیمانێتیان دروست کردووە و کۆی پارتەکانیش ٢٤ پارت بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کردووە لەگەڵ ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ.

·لەم هەڵبژاردنەدا دووجار دەنگدەدرێت یەکێکیان بە ٢٨ مین خولی پەرلەمانی تورکیایە، جارێکیش بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا.

کورد یەکلاکەرەوەیە

ئەگەرچی بەشێوەیەکی زانستی و ورد ئامارێک لەبەردەستدانییە تا رێژەی دەنگدەرانی کورد لە تورکیا دەستنیشانبکات، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەکان ٢٥ بۆ ٣٠ ملیۆن کورد لە تورکیا دەژین و لەو نێوەندەشدا نزیکەی ١٥ ملیۆن هاوڵاتی کورد مافی دەنگدانی هەیە. بەڵام پارتە کوردییەکان بەسەر هاوپەیمانێتییەکاندا دابەشبوون و نەیانتوانیوە هێڵی گشتی یەکگرتووییان بپارێزن.

بۆیە سەرجەم پارتە سیاسیەکانی تورکیا لەو راستییە تێگەیشتوون کورد دەنگی یەکلایی کەرەوە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگی پێویست لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە هەر لایەنێک بۆ ئەوەی دەنگی (٥٠ + ١) بەدەستبهێنێت پێویستی بە ٢٧ ملیۆن دەنگ هەیە، بەدەستهێنانی ئەم رێژە دەنگەش بەبێ دەنگی کوردەکان کارەکەیان مەحاڵ دەکات.

ئەو سەنتەری راپرسیانەی بەر لە هەڵبژاردن رێژەی دەنگەکان ئاشکرادەکەن گرنگی خۆی هەیە چونکە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەراورد بە راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن ئەنجامەکان لێکنزیکن بۆیە بە گرنگییەوە سەیر دەکرێن، بەپێی دوایین راپرسی بەشێک لەو سەنتەرانەش ئەردوغان لە شکستدایە و رێژەی دەنگەکانی لە ٤٤.٤٪ پێکهاتووە و کلیچدار ئۆغلۆ بەرێژەی ٤٧.٥٪ لە پێش ئەردۆغانەوەیە و بەپێی راپرسیەکە براوەی دەنگەکانە.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، پاڵپشتی هەدەپە بۆ کەمال کلیچدارئۆغلۆ وای کردووە لە ریزبەندی پێشەوەی دەنگەکان ببینرێت چونکە لە ماوەکانی رابردوودا میحنەت سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان 'هەدەپە' رایگەیاندبوو، ئەو ئامانجانەی ئێمە هەمانە زیاتر لە ئامانجەکانی کلیچیدارئۆغلۆوە نزیکە بۆیە پاڵپشتی دەکەین بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆیە ئەمەش قورسایی دەنگی کورد دەردەخات لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا.

کێشەکانی کورد چارەسەردەبن؟

لە رێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٠٢٣ موسلم دۆغان وەزیری پێشووی گەشەپێدان لەکابینە وزارییەکەی ئەحمەد داودئۆغڵۆ رایگەیاندبوو، لەم هەڵبژاردنەدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش چاویان لە بەدەستهێنانی دەنگی کوردە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەکی بەرچاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نیشان نادەن.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، کێشەکانی تورکیا وەک جاران بەردەوام دەبن، بۆ ئاشتی هەمیشەیی دەبێت حکومەتی نوێ کێشەی کورد چارەسەر بکات ئەگەر نا کێشەکانی تورکیا بەردەوام دەبن.

بەهۆی ئەوەی ئەردۆغان لە ماوەی دەسەڵاتیدا توندوتیژی بەرامبەر بە کورد و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان ئەنجامدابوو، هاوسەرۆکی پارتەکە' سەڵاحەدین دەمیرتاش' بە ئاراستەکردنی چەندین تۆمەتی جیاجیا زیندانی کردووە کوردەکانی دوورخستووەتەوە لەخۆی و بۆیە ئەردۆغان دڵنیایە لەوەی بەبێ دەنگی کوردەکان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا کارێکی قورسە، باسیش لەوە دەکرێت، ئەردۆغان دەیەوێت ئەنجامەکان لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا یەکلایی نەکرێتەوە ئەنجامەکان بچێتە گەڕی دووەم.

ئەردۆغان دەنگی کوردەکانی نێو ئاکپارتی و دەنگی بەشێک لەپارتە کوردیە بچوکەکانیشی

مسۆگەر کردوە، بەڵام هێشتا هیچ شتێک یەکلایی نەبۆتەوە بۆ دوو رکابەرەکە.

تا ئێستا دیارنیە کلیچدارئۆغلۆ بەڵێنی چارەسەری کێشەکانی کوردی داوە یان نا، چونکە هیچ رێکەوتنێک ئاشکرانەکراوە تاوەکو ئێستا بەڵام پێدەچێت هەدەپە لەسەر کێشەی کورد لەگەڵ جەهەپە رێکەوتنی ئەنجامدابێت بۆیە پشتگیری کلیچدارئۆغلو دەکات بەڵام بە تەواوی روون نیە لە حکومەتی نوێی تورکیادا کێشەکانی کورد چارەسەر دەبن یان نا.

ئامادەکردنی: دیار جەمیل

 













گەلەری