سەردێڕ:

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا: یەکێتی سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار

PM:09:55:02/07/2022

4880 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە شاری بەغدا رایگەیاند، یەکێتی سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و "بەرهەم ساڵح" کاندیدییەتی. دەشڵێت، "پارتی ئەگەر بیویستایە هەڵبژاردن بکرێت، دەبوایە ساڵێک لەمەوبەر یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە".


رابیحە محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە شاری بەغدا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو لە شاری بەغدا لە ماڵی مام جەلال یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بابلیون کۆبوونەوە و تیایدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ یەکێتی دەبێت و تاکە کاندیدی حزبەکەشی"بەرهەم ساڵح"ە.

ئاماژەی بەوەشدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پاڵپشتی یەکێتی دەکەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە و ئەمە یەکلایی بووەتەوە.

وتیشی، ناکرێت لە هەرێم هەموو پۆستە سەرەکییەکان بە پارتی بێت و لە بەغداش داوای پۆستی سەرۆک کۆماری بکات، ئەمە شەڕ فرۆشتنە.

لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی وتی، یەکێتی لەساڵی پارەوە رایگەیاندووە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام ناکرێت هەڵبژاردن بە یاسایەک بکرێت کە لەساڵی ١٩٩٢ەوە دارێژراوە، وەبە تۆمارێکی دەنگدەران هەڵبژاردن بکرێت کە زۆری جیاوازە لەو تۆمارەی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقدا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەموو حزبەکان، جگە لە پارتی هاو رابوون کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و لەهەمان کاتیشدا تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە. ئەگەر پارتی بیویستایە هەڵبژاردن بکرێت دەبوایە ساڵێک لەمەوبەر ئەو کارانەی بکردایە.

باسی لەوەشکرد، لەسەر جەم کێشەکانی هەرێم بەگشتی و دۆسیەی نەوت و غاز و موچەی فەرمانبەران، پارتی بەر پرسی سەرەکییە.

لەبارەی دۆخی سیاسی عێراقیشەوە، رابیحە مەحەمەد ئاشکرای کرد، دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، دۆخی سیاسی ئاڵوزۆ بوو، هەرچەندە پێش هەڵبژاردنیش هەر ئاڵۆز بوو.

وتیشی، کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق کۆتایی بە دۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ناکۆکی لایەنەکان نەهێنا، بەڵکو چووە ناو قۆناغێکی دیکەوە.

راشیگەیاند، بەهۆکاری داواکردنی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و داوای چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان، ناکۆکی کەوتە ناو ماڵی شیعەوە و بەهۆیەوە نەتوانرا گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی پێکبهێنرێت و کاندیدێکی هاوبەش دەستنیشان بکرێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی و حکومەت پێکبێهنرێت.

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر و پڕکردنەوەی کورسییەکان لەلایەن پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی زۆرترین کورسی بەرکەوت و بەمەش بووە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

وتیشی، لە ئێستادا تۆپەکە لە مەیدانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە و سورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی سازانی نیشتیمانی تا کەمترین نەیاری هەبێت، بەڵام ترسیان لە سەدرییەکان هەیە، چونکە سەدر لەپەرلەمان کشاوەتەوە نەک لە کاری سیاسی، هەربۆیە ترسییان لێی هەیە.

باسی لەوەشکرد، سەدر دەتوانێت بە تویتێک شەقامی عێراقی بجوڵێنێت یان بە ئاراستەیەکی دیکەدا بیبات بەتایبەتی لە شاری بەغدای پایتەخت.













گەلەری