پلەیستەیشن هۆکاری دوورخستنەوەی سکاماکا بووە لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

PM:12:20:27/04/2024

228 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یاریکردن بە پلەیستەیشن هۆکاری دوورخستنەوەی سکاماکا بووە لە یاریەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا.

راپۆرتێکی رۆژنامەنوسی لە رۆژی هەینیدا بڵاویکردەوە، لوسیانۆ سپالێتی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا پێش یاریەکەیان بەرامبەر ئۆکرانیا کە لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو ئەنجامیانداوە یاریزانێکی بە هۆکارێکی سەیر دوورخستووەتەوە.

رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرت ئاشكرایکردووە، بۆ ئەو یاریە جیانلوکا سکماکای هێرشبەری یانەی ئەتڵانتا لەلایەن لوسیانۆ سپالێتی راهێنەری ئیتاڵیەوە دوورخراوەتەوە لەبەرئەوە شەوی پێش یاریەکە تا کاتژمێر چواری بەیانی یاری پلەیستەیشنی کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو یاریزانە بە کەسە نزیکەکانی وتوە کە هۆکاری دوورخستنەوەشی لە یارییەکانی مانگی سێی رابردوودا هەر ئەوە بووە و وەک سزایەک بەرامبەری بەکارهێنراوە.

لاگازێتا دەڵێت، پێش یاریەکەی ئۆکرانیا سپالێتی بە بێ ئەوەی ناوی هیچ یاریزانێک بهێنێت وتویەتی، کاتێک یاریزانێکی پیشەگەریت و تا دڕەنگانی شەو پلەیستەیشن بکەیت کارێکی هەڵەیە چونکە رۆژی دواتر یاریەکی گرنگتان هەیە.

رونیشیکردەوە، سەرەڕای ئەو روداوە بەڵام تا ئەم ساتەش دەرگای هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەڕووی سکاماکا کراوەیە تا بگەڕێتەوە هەڵبژاردەکە و بەشداری جامی یۆرۆ بکات چونکە لە دوو مانگی رابردوودا بە باشترین ئاستەوە دەرکەوتووە.

خ . ک