بەرشەلۆنە گرێبەستی کۆبارسی نوێکردەوە

PM:09:35:09/05/2024

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە گرێبەستی کۆبارسی تا ساڵی 2027 نوێکردەوە و مووچەی یاریزانەکەشی بەرزکردوەتەوە.

پاو کۆبارسی گرێبەستەکەی لەگەڵ بەرشەلۆنە تا ساڵی 2027 درێژکردەوە و یانەکەش رایگەیاند بڕی هەڵوەشاندەوەی گرێبەستی لاوەکەیان بریتیە لە 500 ملیۆن یۆرۆ.

بەرگریکارەکەی بەرشەلۆنە بە ئامادەبوونی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە گرێبەستە نوێیەکەی واژۆکرد، هەروەها ڕافا یۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنەش ئامادەبوو، کۆبارسی کە لەم وەرزە و لە تەمەنی 17 ساڵیدا 20 یاری بۆ تیپی یەکەمی یانەکەی کەتەلۆنییا ئەنجامداوە و بەهۆی ئاستە بەرزەکەشیەوە یانەکەی بڕیاریدا مانەوەی لە یانەکە درێژبکاتەوە.

جێبی باسە، بەرشەلۆنە ویستی گرێبەستی کۆبارسی تا ساڵی 2029 درێژ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا لە خوار تەمەنی یاساییەوەیە، تەنها ڕێگەی پێدرا تا ساڵی 2027 گرێبەستەکەی درێژبکرێتەوە.

لە ئێستادا پلانی یانەکە ئەوەیە گرێبەستێکی نوێ تا ساڵی 2029 واژۆ بکرێت کاتێک پاو لە ساڵی 2025 تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، لاوەکە موچەی وەرزی داهاتووی دوو ملیۆن یۆرۆ دەبێت و ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات و لە وەرزی 2028-2029 دەگاتە 12 ملیۆن یۆرۆی کۆی گشتی.