مباپێ لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا زۆر شت دەڵێت

AM:09:17:14/06/2023

1568 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مباپێ دووپاتیکردەوە داواى ڕۆیشتنى لە پاریس نەکردووە و زۆر شتیش لە ڕۆناڵدۆ و میسییەوە فێربووە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەى لاگازێتا دیللۆ سپۆرتى ئیتاڵى کیلیان مباپێى هێرشبەرى پاریس سان جێرمان ئاماژەى بەوەکرد، داواى ڕۆیشتنى لە پاریس نەکردووە و پەیوەندیش بە ڕیاڵ مەدریدەوە ناکات.

مباپێ دەڵێت "من تەنیا بە یانەکەمم وت گرێبەستەکەم نوێناکەمەوە و هەرگیزیش گفتوگۆمان لەسەر نوێکردنەوەى نەکردووە، بەڵام دڵخۆشیشم بە بەردەوامبوونم لێرە بۆ وەرزى داهاتوو".

مباپێ باس لەوەشدەکات، دەیەوێت بردنەوە بەدەستبهێنێت، بەڵام لە پاریسدا هەندێک کەموکوڕى هەیە و خۆشیان دەزانن، ئەمەش زوو یان درەنگ بە پارەدان کۆتایى دێت، بۆ ئەوەى هەموو وەرزێک لە هەڵەکانیاوە فێربن و هەموو جارێک هەمان هەڵە دووبارە نەکەنەوە.

مباپێ پێیوایە ڕۆیشتنى یاریزانێکى وەک میسى لە یانەکەیان هەواڵێکى باش نییە و تێناگات بۆ چى زۆربەى کەسەکان بە ڕۆیشتنى ئاسودەبوون، کە ئێستا قسە لەسەر باشترین یاریزانى مێژووى تۆپى پێ دەکەن.

مباپێ دەشڵێت "هەلى ئەوەم بۆ درووسبوو بەرامبەر ڕۆناڵدۆ و لە تەنیشت میسى یارى بکەم، ئەوان بەڕاستى تایبەتبوون، زۆر شتیان لێوە فێربووم، بەتایبەت لە میسى لەم دوو وەرزەى ڕابردوودا، مێژووی تۆپى پێیان نوسیەوە و بە نەمرى تێیدا دەمێننەوە".

مباپێ لە بارەى ڕەگەزپەرستى ناو یاریگاکانەوە پێیوایە پێویستە هەموو یاریزانەکان یاریگا بەجێبهێڵن بۆ ئەوەى تێبگەن تواناى گۆڕینى شتەکانیان هەیە و دەڵێت "ئەگەر یاریگا بەجێبهێڵین ئەوا بارودۆخەکە مەترسیداردەبێت، کە پێشتر لەگەڵ پاریس ئەوەمان کرد و دواتر یارییەکە دووبارە کرایەوە".

گ . ف

Image