یانەیەکی ئیتاڵیا پیۆلی دەوێت

PM:12:00:28/03/2025

164 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مانەوەی پیۆلی لەگەڵ نەسڕ گرەنتی لەسەر نییە و رۆماش دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکات.

پیۆلی لە سەرەتای ئەم وەرزە پۆستی ڕاهێنەری یانەی نەسری وەرگرت لە شوێنی لویس کاسترۆی پورتوگالی، گرێبەستەکەشی لەگەڵ یانەکە تا ساڵی 2027 بەردەوام دەبێت، بەڵام بە وتەی ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی جیانلویجی لۆنگاری، ڕەنگە پێشوەختە کاتەکانی لەگەڵ یانەکە کۆتایی پێبێت، چونکە ئەنجامەکانی یانە سعودیەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نین.

یانەی نەسر لە ئێستادا لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی خولی سعودیەدایە و بە 10 خاڵ لە دوای یانەی ئیتیحادەوەیە کە پێشەنگە، وە یانەکە لە جامی شای سعودیە دوورخراوتەوە و تەنیا هیوای لە ئێستادا چامپیۆنز لیگی ئاسیایە کە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییە.

لۆنگاری باسیلەوەشکردووە، پیۆلی شارەزاییەکی باشی لە سێریا ئەی هەیە و پێشتر لەگەڵ میلان بووەتە پاڵەوان، ئەوەش وایکردووە چەندین یانەی خولەکە هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵیدا بدەن، دیارترینیشیان رۆمایە کە لە ئێستادا کلۆدیۆ ڕانیێری تا کۆتایی وەرز بەڕێوەیان دەبات.

ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدایە، بەشێک لە هاندەران و شارەزایان داوای دوورخستنەوەی پیۆلیان لە ڕاهێنەرایەتی یانەی نەسر کردووە، بەتایبەتی دوای شەڕە زارەکییەکەی لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یارییەکەی بەرامبەر خلوود لە خولی سعودیە.