فشاری لۆژیکی چاکسازی سیاسی
AM:09:38:19/01/2025
412 جار خوێندراوەتەوە
لهتیف فاتیح فهرهج
+
-
شاسوار عەبدلواحید پێشنیازێکی کرد، پێشنیازەکە لەرووی ئاوەزیەوە
گونجاوە یان نا ئەوەیان بابەتێ ترە، هەموو دەزانین پاوانی جوگرافی هەرێمی کوردستان
لەنێوان پارتی و یەکێتیدا جەبرێکی جوگرافی سیاسی دروستکردووە، کەتێیدا هەر پارتی و
یەکێتی نا وڵاتانی دراوسێش رۆڵ و کاریگەریان هەیە، بۆیە رەنگە هەندێک پێشنیاز زۆر
قورس بێت جێبەجێکردنی، لەگەڵ ئەوەش پرسیاری کابرای سەر زێی سیروان دەکرێ لەبواری سیاسەتا
مامەڵەی لەتەکا بکرێت، سیروان کەلێی نەدەی ناتبا، بەڵام سەرکێشی لەسیاسەتا رەنگە هەموو
جارێ دۆڕانی بەدواوە نەبێت، هەرخۆی سەرکێشی لەسیاسەتا هەندێک جار لە پێویستیە بنەڕەتیەکانە.
جوگرافیای سیاسی هەرێمی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا گۆڕانکاری
زۆر ئەستەم کردووە، هەندێ جار ئەو زوڵمی جوگرافیایە سەری ئەوانەی خواردووە، کە لەلایەک
بوونەو لەگەڵ لایەکی تر گرێبەستی سیاسیان کردووە، رەنگە گۆڕان باشترین قوربانی ئەو
بابەتە بێت، ئەمە لە رۆژگارێکا بۆ یەکگرتوو خەڵکانی دیکەش راستە، پارتی و یەکێتی کەم دەکەن و زیاد دەکەن لێی و دەسبەرداری
جوگرافیا نابن، تەنانەت ئەگەر پەنا بەرنە بەر دوژمنانی گەلەکەشیان نمونەی پەنا
بردنە بەر سەدام لەساڵی ١٩٩٦ لەلایەن پارتییەوە، کەچی دواتر یەکێتی گەڕایەوە و ئەگەر هاوکاری تورکیا بۆ پارتی نەبوایە رەنگ بوو یەکێتی زۆر تریش چووبا، ئەوەشمان بیر نەچێت، ئێرانیش کەم و زۆر رۆڵی لە گێڕانەوەی یەکێتیدا هەبوو، کەواتە جوگرافیا، لەگەڵیدا، چەکدار واتە پێشمەرگە، پەیوەندی دەرەکی هاوکاری باشی مانەوەی ئەم دوو هێزەن.
ئەوە رەشبینی نیە بڵێین نەپارتی بێ یەکێتی دەتوانێ حاکمی رەها بێت نە یەکێتی
بێ پارتی، هەر حاکمی رەها بوونی نیە، ئایە ئەگەر پارتی لەگەڵ لایەن گەلی دیکە پەنجا
زاید یەک کۆبکاتەوە دەتوانێ حکومەت دروست بکات، حکومەتی سەرتاسەری تەواوی جوگرافیای
هەرێم بێگومان ئەستەمە، ئەمە بۆ یەکێتیش وەسایە، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە ناکرێت ئەم
کردەیە بۆ چاکسازی و چاکەی گشتی بەکار بهێنرێت، بێگومان، قسە ئاوەزیەکە ئەمەیە، دەکرێت
هەموو رێگەکان تاقیبکرێنەوە، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکە.
کوردستان پێویستی بە راچەنینە، پێویستی بەجوڵەیەکی گەورەیە بۆئەوەی لەکۆتی
دوێنێ دەربچێت، خۆ دەکرێت، بەدوای دەرفەت و دەرچەی تردا بگەڕێین، هەرنا بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی هەندێک ئاوڕ لەڕابردوو
بدەنەوە و بەهەمان ئاوەزی دوێنێ سیاسەت نەکەن.