سەردێڕ:

بەڵێ؛ پارتی و یەکێتی درۆ دەکەن

PM:12:07:20/09/2024
1228 جار خوێندراوەتەوە
رەوەز عەبدوڵڵا مەحمود
+ -

بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە دەستپێکردن حزب و لیستە بەشدارەکانی هەڵبژاردن دەستیان بە بانگەشە و بەڵێندان بە دەنگدەران کردووە ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و مافی حزبەکانە داوای دەنگ لە خەڵک بکەن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ لە شکست و ماڵوێرانی، کەچی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار؛ پارتی و یەکێتی چەند بارە بەردەوامن لە سەد بارەکردنەوەی بەڵێنی ژیانێکی باشتر و ئازادی زۆرتر.

لیستی نەوەی نوێ بە دوو وشە وەڵامی ئەم بەڵێنانەی پارتی و یەکێتی داوەتەوە؛ 'درۆ دەکەن'، بەڕاستی وەڵامێکی پڕ بە پێستە بۆ بەڵێنەکانی ئەم دوو حزبە کە ماوەی ٣٠ ساڵە بەڵێنی بێ کردار بە خەڵک دەدەن.

ئەگەر باس لە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین ئەوا دەبینین لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تاوەکو ٢٠٠٥ لە سنووری هەولێر و دهۆک حوکمڕان بووە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سنووری سلێمانی و گەرمیان.

لە دوای ئازادی عێراقیشەوە و دروستکردنی کابینەی یەکگرتوو لەنێوان هەردووکیان، زۆرینەی ساڵەکان سەرۆکوەزیران لەلای پارتی و جێگری سەرۆکوەزیران هی یەکێتی بووە، لە واقیعیشدا پارتی حوکمی زۆنی زەرد و یەکێتیش زۆنی سەوزی کۆنترۆڵ کردبوو، واتە بە کردار ئەم دوو حزبە ٣٠ ساڵە حوکمڕانن، کەواتە چی رێگری لێکردوون ئەو بەڵێن و چاکسازیانە جێبەجێ بکەن کە ئێستا دەڵێن ئەگەر دەنگیان پێبدرێت ئەنجامی دەدەن!.

لە هەڵبژاردنی نەوەدەکان پارتی و یەکێتی بەڵێنی دروستکردنی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و خۆشگوزەرانیان بە خەڵک دەدا، لە دوای نەمانی رژێمی سەددام باسیان لە بونیاتنانی دیموکراسی دەکرد، لە ٢٠١٣ بەڵێنی ئابووری سەربەخۆ و هەناردەی نەوتی و کارەبای ٢٤ سەعاتیان دا. لە دوایین هەڵبژاردندا و و دوای تەقینی میزەڵانی سەربەخۆیی و ئاشبەتاڵی بونیاتیانی دیموکراسی و شکستی گەورەی دروستکردنی ژێرخان بۆ خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا و رێگەوبان و هاتووچۆ، جارێکی دیکە دەستیانکردووەتەوە بە خۆئامادەکردن بۆ قسەی گەورە و بەڵێنی بێ بنەما.

بەڵام نەوەی نوێ پێشیان کەوت و هەر پێش ئەوەی هیچ بڵێن پێیگوتن 'درۆ دەکەن'. هەر بەڕاستی پێش ئەوەی دەم بکەنەوە دەزانین درۆ دەکەن.

گەلەری