کەرکوک، لەدیسەمبەری ئەمساڵدا !
PM:11:38:14/12/2023
6624 جار خوێندراوەتەوە
عەبدولڕەزاق شەریف
+
-
هەفتەی
ئایندە، دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک (یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار و قسور، تائێستا ٨٧٠ هەزار
و ٦٢٠ کارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە)، دەچنە سەر سنوقەکانی دەنگدان .
پێش دوو
ساڵ و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق تەنیا ٤٠٪ـی دەنگدەرانی کەرکوک بەشداریانکرد، کورد بە ٢٠٪ـی ئەوانەی مافی دەنگدانیان
هەبوو توانی ٤٠٪ـی دەنگدەرەکانی کەرکوک بەدەست بهێنێت (١٦٠ هەزار و ٣٧٠ دەنگ) . بەدووبارەبونەوە
یان کەمبوونەوەی ئەم رێژەی دەنگ و بەشداریکردنەی کورد مەترسی و کارەساتی گەورەمان
بەسەردا دێت .
هەمومان
ئەزانین خراپی حوکمڕانی ٣٢ ساڵەی پارتی و یەکێتی لە هەرێمی کوردستان و ١٥ ساڵەشیان
لە کەرکوک دەرگای ئەم مەترسیە گەورەیەی لەسەر کورد کردۆتەوە، هەرلەداخی خراپەکاری
ئەوانیشە کوردەکانی کەرکوک گوڕوتین و بڕستی بەشداریکردنیان بۆ هەڵبژاردن و خەباتی
مەدەنی نەماوە، خۆ ئەگەر تەنیا هەردوو حیزب بە یەک لیست یانەخۆ دوو لیستی جیاوازیش
لە هەڵبژاردنەکەدا بکەوتنایەتە کێبڕکێی لیستەکانی دوو نەتەوەکەی ترەوە، بەدڵنیاییەوە
کارەساتی گەورەتر لە ریفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر لەکەرکوکدا، بەسەر کورد ئەهات
چونکە بینیمان لە هەڵبژاردنی پێشوودا ٤٠٪ بەشداریانکرد و ١٥٪ـی دەنگی کورد بەر یەکێتی
کەوت و ٥٪ـیش بەر پارتی کەوت، گرنگە بزانین بێزاری و نەعلەتی خەڵکی کەرکوک لەو دوو
هێزە زۆر گەورەتر و زیاترە لەوەی لەبەر کورد بونیان دەنگیان بدەنێ و ئاشتیان بکەنەوە .
پارتی و یەکێتی
پێشتر لەکۆی یەک ملیۆن دەنگدەری پارێزگاکە و لەکۆی نزیکەی نیو ملیۆن بەشداربوو، ١٣١
هەزار و ٨٢٤ دەنگیان هێناوە ( یەکێتی ٨٢
هەزار و ٢٨٦، پارتی ٤٩ هەزار ٥٣٨ )، ئەم ژمارەیە بەڵگە و ئاماژەی تەواوە بۆئەو نەعلەتەی
کە کورد لە کەرکوک لەو دوو حیزبەی کردوە (لەکاتێکدا، رێژەی موچەخۆرەکانیان لەسەر
پارێزگای کەرکوک زۆر لەو ژمارەیە زیاترە) .
گەر حەماسی
کوردستانی بونی کەرکوک و رکەبەرایەتی لەناو کەرکوکیەکاندا، سەریشبکات ! پارتی و یەکێتی
هەر چەند هەزار دەنگێ زیاد دەکەن، دەنگەکانیان ناگاتە ٢٠٪ـی ئەو کەسانەی کە لە کەرکوکدا،
مافی دەنگدانیان هەیە! گەر رێژەی بەشداربوانیش نیوە زیاتر بێت بەهەردوو لیستکەیان ٣٠٪ـی
دەنگدەری راستەقینە (ئەوانەی بەشداری دەکەن)، بەدەست ناهێنن .
کەواتە
کورد چۆن ئەم مەترسیە بڕەوێنێتەوە و ئەبێت چۆن و چی بکات ؟
- بەرزکردنەوەی
رێژەی بەشداریکردنی کورد . پێویستە ستراتیژی هەمو کەناڵەکانی بانگەشە و راگەیاندنی
حیزبە کوردستانیەکان بێت (پێچەوانەی ئەو ستراتیژییەی پارتی و یەکێتی هەنوکە پەیڕەوی
دەکەن) .
- هیچ
لایەن و کەسێکی کورد پەروەر شەڕی سێ لیستە کوردستانیەکەی دەرەوەی هاوپەیمانێتی
پارتی و یەکێتی نەکات .
- هەمو
ئەو کوردانەی پێشتر لەبێزاری و نەعلەتی پارتی و یەکێتی نەچونەتە دەنگدان ! دەتوانن
توڕەبونیان لەخزمەتی کورد تەوزیف بکەن، جگە لەپارتی و یەکێتی خەتابار و خەتاکار، دەنگبدەن
بەو کورد و کەرکوکیانەی کە پارتی و یەکێتی نین، لە خزمەتی ئەجنداکانی هەردوو حیزبەکەدا
نابن، بەوەش مەترسی کارەساتی چاوەڕوانکراو دەڕەوێتەوە .
بەبێ
شک و گومان خوێنەری کورد ئەم نوسینەی من وەک بانگەشەیەک بۆ (نەوەی نوێ و ئەوانیتر)
پێناسەدەکات، لەراستیا من بەو مەبەستە نەمنوسیوە بەڵام گەر ئەو هێزە چەند کەسیەی کەرکوک بتوانێت مەترسی و کارەساتی مێژویی
بڕەوێنێتەوە و کوردستانی بونی کەرکوک بچەسپێنێت ! من لەئێستاوە دەستخۆشیان لێدەکەم
و پێشمەرگەی ئەو دەستە چەند کەسیە ئەبم .
کەرکوک لەکۆتایی
دیسەمبەری ئەمساڵدا !
دیارە رێژەی
بەشداریکردن لای هەرسێ نەتەوەی (کورد ، عەرەب و تورکمان) گەرمتر و زیاتر دەبێت . هەرچەندە
هەریەک لەسێ پێکهاتەکەی کەرکوک نەیانتوانیوە یەک لیست و یەک هاوپەیمانێتی تایبەت بەخۆیان
و تەنانەت هاوبەش لەگەڵ یەکتریشا هەبێت بەڵام دواجار کۆی دەنگەکانی لیستەکانی هەر یەکێ
لەو پێکهاتانە، سەنگ و پێگەی ئەو نەتەوەیە لەتەواوی پارێزگای کەرکوک دیاری دەکات .
داتاکانی
هەڵبژاردنی پێشو پێماندەڵێت : بەبێ دەنگی ئەوانەی دڕدۆنگ و نارازین لە سیاسەتی چەوتی
پانزە ساڵەی حوکمداری یەکێتی و پارتی، کورد سەنگ و پێگەی خۆی وەرناگرێت و ناتوانێ
کوردستانی بونی کەرکوک بسەلمێنێت ! بۆیە جارێکیتر هەمومان قەرزاری ئەو حیزب و لیستە
جوامێرانەین کە لەدەرەوەی هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوکیان کردوە و دەتوانن دەنگە بێزار و نارازیەکانی کورد لە دەرەوەی
پارتی و یەکێتی کۆبکەنەوە .
کۆتایی دیسەمبەری
ئەمساڵ گفتوگۆکان بۆدابەشکردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن و هەندێک لەپۆستە
سیادیەکانی کەرکوک دەستپێدەکات . دەستوری عێراق و یاسای ئەنجومەنەکە و عورفی تەوافوقی
سیاسی وادەکات هیچ نەتەوەیەک بەبێ ئەوانیتر تاکڕەوی لە حوکمڕانی کەرکوکدا نەکات (
رەنگە ئەم پرەنسیپە هۆکاری سەرەکی رێکنەکەوتن و دەستێوەردان و فرە لیستی هەرسێ پێکهاتەکە
بێت ) چونکە گەر لیستی نەتەوەیەک کشایەوە هەمان نەتەوە لیستێکی تری بۆ کارت و فشار
و رێکەوتن لەگەڵ ئەوانیتر ئامادەیە ! باشترین دوو لیست بۆ ئەو یاریە خراپە لەناو
ماڵی کوردا لیستەکانی (پارتی ویەکێتی) یە چونکە لەئێستاوە دیارە کە یەکتری قبوڵ
ناکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ بەمەبدەئی( تۆپینی خۆم و زەرەری خاوەنم ) رەفتار دەکەن .
لێرەوە
مەبدەئی نەعلەتکردن لەپارتی و یەکێتی ئەبێتە نیعمەت و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی
لێدێت . چونکە دواجار ئەوان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەهۆی کۆنە قین و لەبەرژەوەندی شەخسی
خۆیان و بنەماڵەکانیان، وەک پێشوتر یەکێکیان هاوپەیمانی تورکیا و ئەویتریان هی ئێران
دەکات . یەکێکیان (تورکمان و عەرەبی سونە و ئەویتریان هی تورکمان و عەرەبی شیعە) دەکات
! لەبردنەوەی هەریەکێکیشیانا گەر بەجوت زۆرینەش بن، پارێزگاری کەرکوک و حوکمداری کەرکوک
لەدەست کورد دەردەچێت .
ئەم
مەترسیە هیچی کەمتر نیە لەمەترسی بایکۆتکردنی دەنگە نارازیەکانی کورد لەکەرکوک ، بۆیە
لەم هەڵبژاردنەدا، پەڕوباڵکردنی ئەوان وسەرخستنی کاندیدەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی
و بەهێزکردنیان ئەرکە گرنگەکەیە، رێگرتنە لەو سیناریۆیانەی ئەندازیارەکانی ئەنقەرە
و تاران لەمێژە بۆ حوکمڕانی کەرکوک دایدەڕێژن .
بۆ هەمو
ئەوانەی پەرۆشی مافەکانی گەلی کوردستانن، مەترسی و کارەساتە چاوەڕوانکراوەکە بەپرسیارێکی
گرنگ ئەخەمە پێش چاویان :
ئایا رێژەی
ئەو کوردانەی لەکەرکوکدا تەمەنای حوکمدارێتی بەغدا، لەکەرکوکدا دەکەن چەندە ؟
بەپێچەوانەشەوە
رێژەی ئەو عەرەب و تورکمانانە چەندن کە تەمەنای حوکمدارێتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکوک
دەکەن ؟ گەر لامسەللایی، بەویژدانەوە هەر خوێنەرێک وەڵامی ئەم پرسیارە لای خۆی
بداتەوە تێدەگات کەبەرامبەر خراپەکاری و بەدرەفتاری پارتی و یەکێتی بانگەوازێکی
خراپ و بێویژدانیم نەکردوە !