سەردێڕ:

دەستپێشخەرییەکی نۆ خاڵی بۆ کۆتایهێنان بە بنبەستی سیاسی لە عێراق خرایەڕوو

PM:09:03:08/04/2022

9704 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی رەوتی حیکمە لە عێراق دەستپێشخەرییەکی نۆ خاڵی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکان.


ئەمڕۆ هەینی، عەمار حەکیم لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی عەبدولعەزیز حەکیمی باوکی رایگەیاند، داوا لەهەموو هێزە کاریگەر و نوێنەری گەورەترین پێکهێنەری کۆمەڵاتی و هاوپەیمان و هاوبەشەکان کرد کاربکەن بە ئامانجی دەربازبوون لەو بنبەستە سیاسییەی وڵات پێی گەیشتووە.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەو مەبەستە ئەو نۆخاڵ وەک دەستپێشخەرییەک دەخاتە بەردەم لایەن و هێزە سیاسییەکان کە بریتین لە:

١-کۆبوونەوەی هەموو لایەنەکان لەسەر مێزی کۆبوونەوە و گفتوگۆکردنیان بە بێ هیچ پێشمەرجێک.

٢- بەگوێرەی دەستور گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دەستنیشان بکرێت کە لەو هێزانە پێکبهێنرێت نوێنەرایەتی گەورەترین پێکهێنەری کۆمەڵاتی دەکەن.

٣- پرسی سێ سەرۆکایەتییەکە لە رێگەی رێککەوتنی هەر لایەنەک کە سەرۆکایەتییەکی بەردەکەوێت و دواتر هەموو لایەک لەگەڵ ئەو کاندیدانەدا مامەڵە بکەن کە لەلایەن زۆرترینی کورد و سونە و شیعەوە پشتیوانی لێدەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی چەمکی زۆرینەیەک کە هەموو لایەک دڵنیابن لێی، هەروەها، رەتکردنەوەی کاندیدێک بەواتای دابڕان لەگەڵ ئەولایەنە نەبێت، بەڵکو بە ەمەبستی کردنەوەی دەلاقەیەکی تربێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا و پێدانی بژاردەیەکی دیکەیە بەو لایەنە، بەمەش هەر سێ سەرۆکایەتییەکە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە رێزی لێدەگیرێت.

٤- بەرنامەیەکی سیاسی و خزمەتگوزاری بۆ حکومەتی داهاتوو دانبرێت و کاتێکیش بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکە دیاری بکرێت و پێوەرەکانی ئەو تیمەی وەزارەتەکان دەگرنە دەست دەستنیشان بکرێت.

٥- دابەشکردنی رۆڵەکان، هەرکەس ئارەزوی بەشدارکردنی پێکهێنانی حکومەت بکات ئەوا بچێتە پال تیمی زۆرینەی پێکهێنەری حکومەت و پابەندبێت بەو بەرنامەیەی بۆ حکومەت دادەنرێت و تەواوی بەرپرسیارێتی خۆی لە بەشداریکردنی حکومەت رابگەیەنێت، هەرکەسێکیش ئارەزوی بەشدارکردنی نییە، ئەوا پەرلەمان بکاتە شوێنی ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیی و ئەمەش بە فەرمی رابگەیەنێت.

٦- زۆرینەی پێکهێنەری حکومەت بەڵین بدات بە رەخساندنی کەشێکی پڕ لە ئاسایش بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و بەشداری پێکردنیان لە لیژنەکانی پەرلەمان و دەستە سەربەخۆکانی چاودێریکردن تا ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن، لەبەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنیش بەڵین بدات هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان پەکنەخات و بەشێوەیەکی چالاک بەشداربێت و ئامادەیی هەبێت و رێگە بدات فراکسیۆنی زۆرینەش مافە بەرکەوتووەکانی بەکاربهێنێت.

٧- زۆرینەی پێکهێنەری حکومەت و ئۆپۆزسیۆن رێکبکەون لەسەر ئەوەی هەر بابەتێک رەهەندی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی و چارەنوسسازیان هەیە بە راوێژی هەردوولا و دەستاودەست کردنی رۆڵەکان بڕیاری لەسەربدرێت تا ببێتە بڕیارێکی نیشتیمانی.

٨- دورکەوتنەوە لە شەڕی راگەیاندن و یەکتر بە ناپاکدانان و زمانی یەکتر شکاندن و تۆمەتبارکردن کۆتایی پێبهێنرێت، داوا لەهەموو میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات بە حکومی و ناحکومییەوە پابەندی پەیمانێکی نیشتیمانی بن خۆیان لەم جۆرە شتانە بە دوور بگرن.

٩- پشت بەستن بە چاکسازی حکومی و کێبڕکێکردنی سیاسی لە کردار و گوتاردا، بەشێوەیەک هەر قەوارەیەکی سیاسی و هاپەیمانێتییەک بەرنامەی سیاسی و ئابوری و کەلتوری و گەشەپێدان و ئاسایشی خۆی لەبەردەم دەزگاکانی راگەیاندندا ئاشکرا بکات و هەموو لایەک وتەبێژە فەرمییەکانیان دەربڕی دید و تێڕوانینی سیاسی قەوارە و هێزە سیاسییەکەی بکات بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرەکان و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە زیاتر لە هەشت مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە و تا ئێستاش بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوانیاندا و رێکنەکەوتن لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پێکنەهێنانی گەورەترنی فراکسیۆنی پەرلەمانی دۆخی سیاسی عێراق بە قۆناغێکی ناسەقامگیر و ناجێگیردا تێپەڕدەبێت وکاریگەرییەکەشی لەسەر ژیانی ئاسایی رۆژانەی خەڵک داناوە.












گەلەری