سەردێڕ:

دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردن لە عێراق چی دەگوزەرێت؟

AM:10:03:03/04/2022

3720 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئیندپێندێنتی عەرەبی لە نوێترین راپۆرتی شیکاری خۆیدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لە ئێستادا وڵات بە دۆخێکی بە بنبەست گەیشتنی سیاسی و بێ حکومەتی و بێ سەرۆکێکی هەڵبژێردراودا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو لایەن و فراکسیۆنانەی زۆرترین کورسیان مسۆگەر کردووە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن نەک بەرژەوەندی هاوڵاتییان.


راپۆرتە شیکارییەکەی ئیندپێندێتی عەرەبی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەنجامی هەڵبژاردنی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بنبەست گەیشتنێکی سیاسی و سێ جار شکستهێنانی پەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هێشتنەوەی حکومەتی کاربەڕێکار و دابەشبوونی سیاسی بوو لە عێراقدا.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هەلێکیداوەتەوە چوارچێوەی هەماهەنگی، کەبە "سێ یەکی پەکخەر"ناوی بردوون تا بتوانن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی دیکە جگە لە رەوتی سەدر حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی پێکبهێنن. هاوکات، داوای لە فراکسیۆنی سەدریش کرد بەهیچ شێوەیەک نە بەباش و نە بە خراپ دەستوەردان نەکەن.

لەبەرامبەردا، هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، "چوارچێوەی هەماهەنگی هەرگیز ناکشێتەوە لە پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کە ماف و بەرکەوتەی ماڵی شیعیی و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دەستنیشان کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران".

ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەسەر سێ بنەما دامەزراوە ئەوانیش "سازان و بەشداریکردن و هاوسەنگی" بووە.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەگەر نێوماڵی شیعی بگاتە لێکتێگەیشتن، ئەوا کوردەکانیش دەگەنە لێکتێگەیشتن و ئە دابەشکارییەی دروستبووە کۆتایی پێدێت.

هەروەها، محەمەد زیادی پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاشکرای کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی دەسپێشخەرییەکی خستووەتە بەردەم سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و چاوەڕێی وەڵامی لایەنەکان دەکات بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بەشێوەیەکی خێرا پێش گەیشتن ٦ی نیسانی ٢٠٢٢، کە وادەی دانیشتنی پەرلەمانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

ئاماژەی بەوەشدا، بێ گەیشتن بە رێککەوتنی لایەنەکان و یەکلایی کردنەوەی کێشەکان ناتوانرێت هیچ بکرێت، هەرکاتێک رێککەوتن کرا، ئەوکات دەتوانرێت وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری بکرێت.

وتیشی، چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ کت بیری لەوە نەکردووەتەوە رەوتی سەدر لەپێکهێنانی حکومەتدا بەشداری پێنەکات، بەڵکو بەیەکێک لە راگرە گرنگەکانی هەر حکومەتی دەزانێت کە پێکدەهێنرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، شەش مانگە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رێکەوتی ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو و تا ئێستا جگە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەهۆکاری ناکۆکی سیاسی نێوان لایەن و هێز و پارتە سیاسییەکان سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە ولەسەر کەسێکیش بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.

لایەنە سیاسییەکانیش بەسەر هەردوو بەرەی هاوپەیمانی سێ قۆڵی "پارت و رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەری" و "چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی و هاوپەیمانی عەزمی سوننی" و چەند لایەنێکی دیکەدا دابەش بوون و بەهۆی ئەمەشەوە سێ جار پەرلەمان شکستیهێناوە لە بەڕێوەچوونی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.













گەلەری