سەردێڕ:

لە سۆران هاوڵاتییان کێشەی کەمی کارەبایان هەیە

PM:10:44:17/01/2022

1644 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی سێ رۆژە ئیدارەی سۆران بەدەست کەمی کارەبای نیشتیمانییەوە دەناڵێنێت، لە کۆی ٧٢ کاتژمێر کەمتر لە ٢٠ کاتژمێر کارەبا دراوە بە ھاوڵاتییان ئەوەش بەشێوەی پچڕ پچڕ بووە.


لەبارەی کەمی کارەبای نیشتیمانی و بوونی پەستانێکی زۆر لەسەر مۆلیدە ئەهلییەکان، بەشێک لە هاوڵاتییان دەڵێن، ئەمە ئەرکی سەرشانی ئەوانی قورسکردووە و وادەکات ئەوان پارەیەکی زۆری ئەمپێرەکانی کارەبای مۆلیدە بدەدەن.

هاوکات، وەفا سید خان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە یەک دوو وێستگە کێشەیان ھەبووە و ھەندێک فیدەریشمان ھەبوو ڤۆڵتەری نزم بوو، بۆیە وێستگەکان کوژێنراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کاتێک ناوچەکان سارد دەبێت کێشەی کارەبا دروست دەبێت.

هەفتەی رابردوو، وەزیری کارەبای هەرێم سەردانی ئیدارەی سۆرانی کردوو و پرۆژەیەکی گواستنەوەی کارەبای کردەوە.

کەمال محمد وەزیری کارەبا ئەوکات رایگەیاند، "بە کردنەوەی ئەم پرۆژەیە کێشەیەکی زۆری کارەبا چارەسەر دەبێت و ئەگەر ھاوڵاتیان پارەی کارەبا بدەن ئەوا پێدانی کارەباش زیاتر دەبێت."

ماوەی ٣٠ ساڵە لە هەرێم کێشەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاوڵاتییان چارەسەرنەکراوە و کابینە یەک لەدوا یەکەکانی حکومەتیش بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن، بەڵام کەمترین هەنگاوی کردەییان لەو بوارەدا ناوە.

کەریم کەیفی، سۆران













گەلەری