بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە ئێستادا هەریەکە لە زانکۆی سلێمانی و پەروەردەکانی سلێمانی؛ لە گفتوگۆدان لەبارەی دەوامی سبەینێ و ئەگەر کەش و هەوا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە دەوام رابگیرێت.
چاوگێک لە پەروەردەی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمشەو پەروەردەی سلێمانی بڕیار لەبارەی دەوامی سبەینێی سەرجەم قۆناغەکانی قوتابخانەکانەوە دەدات و ئەگەر دۆخی کەش و هەوا بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەوا پێدەچێت دەوامی سبەینێ رابگیرێت و تاقیکردنەوە دوابخرێت.
چاوگێکیش لە زانکۆی
سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر دۆخی کەش و هەوا بەو جۆرە بێت، رەنگە
ئاستەنگی هاتوچۆ دروستببێت و سەرۆکایەتی زانکۆ لە هەوڵی ئەوەدایە بڕیار لەبارەی
دەوامی سبەینێوە بدات.
ئەوەش دوای ئەوە دێت،
ئێوارەی ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی دەوامی سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قۆناغی ١ و ٢
و ٣ێی قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی راگرت.
ماوەی نزیکی مانگێکە شەپۆلێکی
سەرما رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و هەفتەیەکیش دەبێت شەپۆلێکی سەرما و بەفر و
باران رووی لە هەرێم کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆش شەپۆلێکی
بەفربارین ناوشاری سلێمانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بارینی بەفر بەردەوامە،
ئەگەر دۆخی کەش و هەواش بەو جۆرە بەردەوام بێت پێدەچێت دەوامی سبەینێی قۆناغەکانی
دیکەی خوێندن و زانکۆکان رابگیرێت.
هـ.ئـ