سەردێڕ:

ئایا ئەمساڵ پەڵەی داوە؟

AM:10:43:15/01/2022

4388 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی قەزای چۆمان رایگەیاند، ئەمساڵ بڕی ٣٦٥.٥ مللیمەتر باران و ٧ سانتیمەتر بەفر لە قەزاکە باریوە.


ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی قەزای چۆمان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٢٢.٥ مللیمەتر باران باریوە بەمەش کۆی گشتی بارانبارین لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە ٧٦.٥ مللیمەتر.

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆی گشتی رێژەی بارانبارین لەمساڵدا ٣٦٥.٥ مللیمەتر بووە، ساڵی رابردوو لەهەمان کات و رێکەوتدا ١٩٠.٧ مللیمەتر بارانباری بوو، بەڵام رێژەی بەفر بارین سفر بوو.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، رێژەی بەفر بارین لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٥ سانتیمەتر بووە لەناو سەنتەری قەزاکەدا. هەروەها، کۆی بەفر بارینی ئەمساڵ بریتی بووە لە ٧ سانتیمەتر لەکاتێکدا بەفری پێشووتریش کە لە قەزاکەدا باریوە هەر لەم مانگەدا بوو .

لەلایەکی دیکەوە، جوتیاران پێیانوایە بارینی ئەم رێژەیە لە باران و بەفر بۆ بەرهەمی گەنم و جۆ و دانەوێڵەکان باشە و گرفت بۆ کشتوکاڵی ئەمساڵ لەسەرەتای وەرزی چاندندا دروست ناکات.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبینیدەکرێت لەم هەفتەیەدا لەکاتە جیاجیاکاندا بەفر و بارانی زیاتریش ببارێت.













گەلەری