سەردێڕ:

قوباد تاڵەبانی بەسەرۆکی نوێی هاوپەیمانی کوردستان دیاریکرا

PM:01:44:29/07/2021

13012 جار خوێندراوەتەوە

میدیای فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاویکردەوە، هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بڕیاریاندا بە دیاریکردنی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانی کوردستان، ئەمەش دوای ئەوەی لاهور جەنگی لەو پۆستە کشایەوە.


بەگوێرەی میدیای فەرمی یەکێتی، ئەمڕۆ هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتی عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی کۆبوونەتەوە و تیایدا بڕیاردراوە بە دەستنیشانکردنی قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانی کوردستان.


هەریەکە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمساڵی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، بڕیاریاندا بەیەک لیست و لەژێر ناوی لیستی "هاوپەیمانی کوردستان"دا بەشداری لەهەڵبژاردنەکەدا بکەن".

 

پێشتر، لاهوور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو، بەڵام دواتر و لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا ناوبراو رایگەیاند، "دەست لە پۆستی سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستان دەکشێنمەوە".













گەلەری