فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەکەش پێنج تەوەری سەرەکی لە خۆدەگرێت لەوانەش، رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و ئامادەکاری وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی بۆ وەرزی سەرما.
لە راگەیەندراوێکدا
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم باسی لەوەکردووە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی
ئەنجومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە چەند تەوەرێک، یەکێک لەوانەش، بەردەوامی گفتوگۆکانی
ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان و خستنەڕووی هەنگاوی کردارەکی وەزارەتەکان لەو بارەیەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتییە لە پێشکەشکردنی
راپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەهۆی ئەو پەتایە و ئەو رێکارانەی
پێویستە بگیرێنە بەر بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەم تەشەنەسەندنەی پەتای کۆرۆنا.
تەوەرێکی دیکەی
کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی پێشنیاری گۆڕینی هەردوو قەزای (سۆران) و (زاخۆ) بۆ ئیدارەی
سەربەخۆ دەبێت.
هاوکات، خستنەڕووی
بابەتی (هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت) و دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هەردوو وەزارەتی
سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاوڵاتییان
لە وەرزی سەرما، دوو تەوەری تری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دەبن.