سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق لەبارەی داهاتووی نەوتەوە هۆشداریدەدات

PM:10:42:25/12/2021

8976 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق هۆشداریدا لە بارەی مەترسیی هەڕەشەی بەردەوام بوون لەسەر "تێکڕای ناوەند"ی بەرهەمهێنانی نەوت و ئەوەشی بە مانای داڕمانی نەوتی دانا لە ١٠ ساڵی داهاتوودا. دەشڵێت، "ئەمەش ناردنەوەی کارمەندەکانیشی بۆ ماڵەوەدەکاتە پێویستی".


عەلی عەلاوەی، وەزیری دارایی عێراق هۆشداریدا دەربارەی مەترسیی هەڕەشەی بەردەوامی لەسەر "تێکڕای ناوەند"ی بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا، بەهۆی پشتبەستنی بەردەوامی عێراق بەو نەوتەی کە زیاتر لە ٩٠٪ی داهاتەکانی وڵات پێکدێنێت.

دەشڵێت، پێویستە رێکاری توند بگیرێتە بەر لە ئێستاوە، بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییانە.

ئاماژەی بەوەشدا،٦٠٪ی بەکارهێنانی نەوتی جیهانی دەڕوات بۆ کەرتی گواستنەوە.

عەلی عەلاوەی ئەوەشی خستەڕوو، تا ساڵی ٢٠٣٠ پیشەسازیی دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە بەنزین کاردەکەن دەوەستێت و هەتا ساڵی ٢٠٤٠ تەواوی ئۆتۆمبێلەکان بە وزەی کارەبا کاردەکەن."

باسی لەوەشکرد، عێراق لەو کاتەدا ناچار دەبێت کارمەندەکانی بنێرێتەوە ماڵەوە، ئەو بڕیارەش کێشەی سیاسی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

وەزیری دارایی عێراق وتیشی، بەو پێیەی کە پێویستە بودجەی تایبەت بە خانەنشینان دابینبکرێت، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا، بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی موچەی خانەنشینان بۆ ٢٥ ترلیۆن دۆلار ساڵانە، لەکاتێکدا لەئێستادا بودجەکەی ١٥ ترلیۆن دۆلارە".

هەروەها، هۆشداریشیدا لەوەی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا، بازاڕی نەوت دادەڕمێت و داهاتەکانی دادەبەزێت.

ئاماژەی بەوەشدا، داواکاریی لەسەر وزەی کارەبا و ئەو کەلێنە گەورەیەی لە تێچووەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا هەیە، ساڵ لە دوای ساڵ لە زۆربووندان.

عەلی عەلاوەی، وەزیری دارایی عێراق دەشڵێت، لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ بودجەی ٢٠٢٢، ئەوەی پێویستە لەسەر وەزارەتی دارایی کە ئەنجامی بدات بریتییە لە دابینکردنی بودجەی خەیاڵی بۆ کەرتی کارەبا، بە بڕێک بگاتە ٢٠ ترلیۆن دینار".

ئاماژەی بەوەشدا، "لە ئێستادا هیچ سیستمێکمان نییە بۆ دابینکردنی بڕی تێچووەکانی بەرهەمهێنان".













گەلەری