سەردێڕ:

ھاوپەیمانی عەرەبی: لە یەمەن ٢١٥ چەکداری حوسییەکان کوژران

AM:10:09:13/12/2021

4164 جار خوێندراوەتەوە

ھاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، لە زنجیرە ھێرشێکدا لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بۆ سەر چەکدارانی حوسی لە پارێزگای مەئریب لە ناوەڕاستی یەمەن و کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە، ٢١٥ چەکداری حوسییەکان کوژراون.


ھێزەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٥ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان بۆ سەر حوسییەکان لە پارێزگای مەئریب و سێ هێرشی دیکەیان کردووەتە سەر حوسییەکان لە کەناراوەکانی خۆرئاوای یەمەن.

ئاماژە بەوە کراوە، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا لە مەئریب زیاتر لە ٢٠٠ چەکداری حوسی کوژراون و لە کەناراوەکانی خۆرئاواش ١٥ چەکدار و ٢٣ ئۆتۆمبێل تێکشکێنراون.

جەنگی ناوخۆی یەمەن

لە کاتێکدا حوسییەکان لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ەوە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکیان کردووە، ھێزەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی بە رابەرایەتی سعودیە لە ئاداری ٢٠١٥ەوە تا ئێستا دژ بە حوسییەکان، پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن دەکەن.

لە ماوەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو وڵاتە لە مەئریب و دەوروبەری چڕتر بووەتەوە کە یەکێکە لە قەڵا گرنگەکانی حکومەت و دەوڵەمەندە بە یەدەگی نەوت و غاز.













گەلەری