سەردێڕ:

یەکەم کاردانەوەی سەرۆکی پەرلەمان لەدوای کودەتاکەی تونس

AM:10:41:26/07/2021

4372 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی تونس و بزووتنەوەی نەهزە، رایگەیاند، پەرلەمان کە بەشێوەیەکی دیموکراسیی هەڵبژێردراوە، لەگەڵ حکوومەت هێشتا لەسەر کارن.


ئەمڕۆ دووشەممە، سەبارەت بە بڕیارەکانی قەیس سەعید سەرکۆماری تونس، بۆ سڕکردنی کارەکانی پەرلەمان و دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیران لە پۆستەکەی، راشد غەنوشی سەرۆکی پەرلەمانی تونس و بزووتنەوەی نەهزە، کە گەورەترین پارتی ئەو وڵاتەیە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی سەرۆککۆمار راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشدا، ''ئەوە بەڕوونی کودەتایەکە دژبە دەستوور. کودەتایەکە دژبە شۆڕش و ئازادییە گشتیی و تاکە کەسییەکان. پەرلەمان کە بەشێوەیەکی دیموکراسیی هەڵبژێردراوە لەگەڵ حکوومەت و ئەوانی دیکە هێشتا لەسەر کارن''.

راشد غەنوشی سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێیانوایە شێوازی لێکدانەوەی سەرکۆمار بۆ دەستوور تەواو هەڵەیە و ئەو لێکدانەوەیە جیاوازە لە راستییەکان، لەبەرئەوەی دەستوور لە هەلومەرجی دیاریکراودا، دەسەڵاتی بڕیاردانی داوەتە سەرکۆمار.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرکۆمار پێی راگەیاندووە کە بە راوێژ لەگەڵیدا لە چوارچێوەی دەستووردا بڕیار دەردەکات کە خۆی پێوابووە ئەوە پرۆسەیەکی سروشتیی دەبێت.

سەرۆکی پەرلەمانی تونس ئەوەشی خستەڕوو، دەستووری تونس پێشنیازی ئەوەی کردووە کە لە دۆخی لەناکاودا، پەرلەمان بەبێ لەکارخستنی حکوومەت دەتوانێت بەردەوام کار بکات و وتیشی، ''پێمانوایە ئەوەی روویداوە کودەتایەکە دژبە دەستوور''.

دوای ئەوەی قەیس سەعید سەرۆکی تونس، بڕیاری سڕکردنی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و ھەڵپەساردنی پارێزبەندی ئەندامانی پەرلەمانەکەی راگەیاند، بەشێکی لە ھاوڵاتیان بۆ پشتیوانی لە بڕیارەکە رژانە سەرشەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا، لەبەرامبەریشدا بەشێکی دیکە نارەزایەتیان بەو بریارە نیشان دا و هاتنە سەرشەقامەکانی ئەو وڵاتە.

ئەمە لەکاتێکدایە، قەیس سەعید سەرکۆماری تونس رایگەیاند، بەھۆی ئەو دۆخە نائاساییەی کە وڵاتەکەی تێیدایە، سەرجەم دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی سڕ کردووە و پارێزبەنديی پەرلەمانتارانی ھەڵپەساردووە و راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئێستا ھیشام مەشیشیی لە کارەکەی دوورخستووەتەوە و کار لەگەل سەرۆکوەزیرانێک دەکات کە خۆی دایدەمەزرێنێت.













گەلەری