ھونەر ئەمین یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی چەرموو بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئەنجومەنی زانکۆی چەرموو راگرتنی دەوامی خوێندکارانی درێژ دەکردەوە تاکو رۆژی چوارشەممە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوامی فەرمانبەران و هەموو دەسەڵاتە
کارگێڕییەکانی زانکۆ ئاساییە و بەردەوام دەبێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ هەریەک لە زانکۆکانی سلێمانی، پۆڵیتەکنیکی
سلێمانی، هەڵەبجە و کۆیە تا رۆژی چوارشەممە بڕیاری راگرتنی دەوامیان درێژکردەوە.
لە هەفتەی رابردوودا، ماوەى چەند رۆژێک خوێندکارانى زانکۆ
و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە خۆپیشاندان ئەنجامدا و هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى
و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، بەوهۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون و دواتریش
زانکۆکان چەند رۆژێک پشوویان راگەیاند.
لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دەرماڵەی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆ و
پەیمانگاکاندا بڕاوە، کە پێشتر بۆ خوێندکارانی ناوشار بڕی ٤٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی
بەشە ناوخۆیی بڕی ٦٠ هەزار دینار و بۆ خوێندکارانی دەرەوەی شار کە بەشەناوخۆییان نەبوو
بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، کە وەک خوێندکارانی ئەوکاتە باسیان دەکرد، ئەو بڕە
پارەیە لانی کەم کرێی هاتوچۆی لەسەر ئاسان دەکردن.
گۆران لوقمان، سلێمانی