سەردێڕ:

ئاماری توندوتیژی دژی ژنان لە عێراق بڵاوکرایەوە

AM:10:03:25/11/2021

1300 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی خێزان و منداڵ لە عێراقی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢١ بەکارھێنانی توندوتیژی دژی ژنان بە رێژەی ٥٨٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادی کردووە و لەمساڵدا نزیکەی ١٤ ھەزار حاڵەت تۆمار کراوە.


ئەمرۆ پێنجشەممە، عەلی محەمەد سالم بەڕێوەری پاراستنی خێزان و منداڵ لە عێراق بە رۆژنامەی ئەلنەھاری عەرەبی راگەیاند، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ رێژەی توندوتیژی دژی ژنان لەم ساڵدا ٥٨٪ بەرزبووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا،  لە ئەمساڵدا، ٢٠٢١، نزیکەی ١٤ ھەزار حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان تۆمار کراوە.
لەبارەی تۆمارنەکردنی سکاڵا و نەبوونی ئامارێکی ورد و دروست لەبارەی حەڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان، ئیبتیسام شەمری چالاکوانی بواری ژنان بە رۆژنامەی ئەلنەھاری عەرەبی راگەیاند، نەریت و کەلتوری کۆمەڵگەی عێراقی رێگرە لەبەردەم ژناندا تا سکاڵاکانیان لە دادگاکاندا دژی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەریان ئەنجامداوە تۆمار بکەن.
 دەشڵێت، زۆربەی کات ژنان بێدەنگی ھەڵدەبژێرن بەرامبەر رووداوەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی رابردوو تەنھا لە بەغدادی پایتەخت زیاتر لە ٢٠٠ حاڵەت تۆمار کراوە، بەڵام لە شارەکانی باشور توندوتیژییەکان زۆر زیاترن.
لەبارەی دیارترین جۆری توندوتیژییەوە،  ئیبتیسام شەمری ئاشکرای کرد، دیاردەی بەشودانی کچانی تەمەن منداڵ زۆر بڵاوە، کە یەکێکە لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنانی عێراق ئەنجامدەدرێت.
وتیشی، بەھۆی نەبوونی یاسایەک بتوانێت بەرگری لە ژن بکات و مافەکانی زیاتر بۆ دەستە بەر بکات و بەھۆی داڕمانی دۆخی ئابورییەوە توندوتیژییەکان زیاتربوون.
٢٥ تشرینی دووەم رۆژی جیھانی روبەڕوبوونەوەی توندوتیژییە دژی ژنان و لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئەورۆژە بۆ ھەلمەتی ھۆشیارکردنەوە لەبارەی دیاردەی توندوتیژییەوە دەستنیشانکراوە.
 
کـ ، ئـ







گەلەری