سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەسەر پەلامارەکەی ئەمشەوی داعش

PM:11:54:26/10/2021

19788 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان چەکدارانی سەر بە داعش و هێزە ئەمنییەکان و دانیشتوانی گوندێکی شیعە مەزهەب لە پارێزگای دیالە، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالەی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە ئێستادا چەکدارانی داعش خۆیان لە ناوچە حەشار داوە و شەڕەکە وەستاوە". دەشڵێت، "زیاتر لە ١٣ کەس کوژراون و ٣٠ کەسیش برینداربوون".


نیهاد محەمەد وتەبێژی پۆلیسی دیالە تایبەت بە ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی شەڕەکەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٣ کەس کوژراون و ٣٠ کەسیش برینداربوون، کە زۆربەی کوژراو و بریندارەکان کەسانی مەدەنین".

لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕەکەشەوە، وتەبێژی پۆلیسی دیالە ئەوەی ئاشکراکرد، "دوو رفێندراوی گوندەکە کە سەر بە هۆزی تەمیمی شیعە مەزهەبن لای چەکدارانی داعش بوون، دوای ئەوەی چەکدارانی داعش بەڵێنی ئازادکردنیان دەدەن، بەڵام دواتر ئازادی ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکی سەخت لەنێوان هاوڵاتیانی گوندەکە و چەکدارانی داعش".

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی سەر بە حکومەتی عێراق رەوانەی ناوچەکە کراون.

لای خۆشییەوە، جێگری پارێزگاری دیالە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "چەکدارانی داعش بەشێوەیەکی بەرفراوان هێرشیان کردووەتە سەر گوندێکی سەر بە پارێزگای دیالە و تا ئێستاش ١٣ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٥ کەسیش برینداربوون".

کەریم عەلی جێگری پارێزگاری دیالە تایبەت بە ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، گرووپی چەکداری داعش لە چەندین لاوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان هێرشیانکردووەتەسەر گوندێکی شیعەمەزهەبی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە و بەوهۆیەشەوە، ١٣ کەس کوژراون کە ژن ومنداڵیان تێدایە و زیاتر لە ٢٥ کەسیش برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی جێگری پارێزگاری دیالە، لە ئێستادا شەڕ و ئاڵۆزییەکی توند و قورس لە نێوان چەکدارانی داعش لەلایەک و هاوڵاتیانی گوندەکە و هێزەئەمنییەکان بەردەوامە و تا دێت شەڕەکە قورستر دەبێت لە نێوان هەردوولادا.

هاوکات پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە گەرمیان باسی لەوەکرد، لە هێرشەکەیاندا چەکدارانی سەر بە داعش، مینیان لەسەر رێگاکانی دەوری گوندەکە چاندووە و بە چەکی قەناسیش هاوڵاتیان گوندەکە و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، چەکدارانی سەر بە گرووپی چەکداری داعش هێرشیانکردووەتەسەر گوندی رەشادی سەر بە قەزای میقدادیەی سەر بە پارێزگای دیالە، تا ئێستاش بەهۆی شەڕەکەوە ١٣ کەس کوژراون و ٢٥ کەسی دیکەش بریندارن.

گرووپی چەکداری داعش، لەساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا و لەساڵی ٢٠١٤شدا دەستیگرت بەسەر زۆربەی خاکی عێراق سوریا، دواتریش لەساڵی ٢٠١٧دا، هەریەکە لە سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بەهاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەو گرووپەیان لەخاکی عێراق راگەیاند.

بەڵام، تائێستاش گرووپ و شانەی نوستووی ئەو گرووپە لە عێراقدا ماون و ناو بە ناویش، لەعێراق و بەتایەبتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێم و عێراقدا کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، هێرش و پەلاماری چەکداری بۆ سەر سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن.

گەرمیان حەمەیپور- گەرمیان
بڕیار جاف- گەرمیان 
 
نـ، غـ 













گەلەری