سەردێڕ:

پاش تەقینەوەکە؛ فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ فەرماندەیەکی ئەمنی بەغدا دەرکرا

PM:09:34:19/07/2021

4288 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشكرایكرد، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ فەرماندەی ئەو هێزە ئەمنییە دەکردووە کە ئەرکی پاراستنی ئەو بازاڕە میللیەی ناوچەی سەدری لە ئەستۆدابوو، کە ئێوارەی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک تیایدا روویدا.


لیوا یەحیا رەسول وتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو تەقینەوەیەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕێکی میللی ناوچەی سه‌دری بەغدا روویدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، فەرمانی دەستبەسەرکردنی بۆ فەرماندەی ئەو هێزە ئەمنییە دەکرد کە ئەرکی پاراستنی بازاڕی میللی وەحیلاتی لە ئەستۆدا بوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لێکۆڵینەوەکەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان لەە ناوچەیەدا بڵاوەیان پێکراوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە تەقینەوەک بازاڕی میللی وەحیلات لە ناوچەی سه‌در رۆژەهەڵاتی بەغدای کردە ئامانج و تیایدا بەشێکی ئەو هاوڵاتیانەی بەمەبەستی کڕینی پێداویستییەکانی جەژنی قوربان روویان لە بازاڕەکە کردبوو بوونە قوربانی. بەپێی ئامارەکان، لە ئاکامی ئەو تەقینەوەیەدا تاوەکو ئێستا ٢٢ کەس کوژراون و ٤٧ی دیکە برینداربوون.













گەلەری