سەردێڕ:

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لینکی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی کاراکرد

PM:11:21:10/10/2021

277068 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لینکێکی بۆ بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان بڵاوکردەوە.


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لینکی بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کاراکرد.


بۆ کردنەوەی لینکەکە کلیک بکە

 

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٠ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو و ھاوڵاتییان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

رۆژی هەینی ٨ی مانگیش، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو و هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێک لە زیندانیان چوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیاندا.

بڕیاربوو هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچوایە، بەڵام لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران پێشخرا، ئەوەش بۆ رازیكردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی عێراق كە ساڵی ٢٠١٩ رژانە سەرشەقامەكان لەدژی گەندەڵی ‌و كەمی خزمەتگوزارییەكان‌، خۆپیشاندەران لەو کاتەدا دەیانوت، بەرپرسانی باڵای حكومڕان دەسەڵاتەکانیان بۆ بەرژەوەندی و دەوڵەمەندكردنی خۆیان قۆزتوەتەوە.

لەم هەڵبژاردنەدا عێراق بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبووە و لەهەڵبژاردنی پێشووشدا، ٨١ بازنەبوو، هاوکات بازنەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکوکیشەوە ١٥ بازنەیە.

لەم هەڵبژاردنەدا، کار بە سیستمی (تاک دەنگی نەگوێزراوە) دەکرێت، واتە ئەو دەنگە زیادانەی لە کاندیدێک دەمێنێتەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسی تر یان کەسێكی تری ھەمان لایەنه سیاسییه‌كه‌، بەوەش کام کاندید زۆرترین دەنگەکانی بازنەکەی خۆی بەدەست بهێنێت بەشێوەی ڕیزبەندی سەردەکەوێت.

ئەگەر بازنەیەک چوار کورسی بۆ تەرخان کرابوو، ئەوا لەو بازنەیەدا (٤) کاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ سەردەکەون به‌شێوه‌ی ریزبه‌ندی، بەم مەرجانە:

‌‌ئـ. یەکێک لە سەرکەوتووەکان ئافرەت بێت.

ب. ئەگەر هەر چواریان لە رەگەزی نێربن، ئەوا کەسی چوارەمیان جێی دەهێڵێت بۆ ئافرەتێک کە زۆرترین دەنگی نێو ئافرەتەکانی بازنەکەی خۆی بەدەستهێنابێت.

ج. ئەگەر دوو کاندیدی کۆتایی (ئەوانەی کێبڕکێ لەسەر کورسی چوارەم دەکەن) دەنگەکانیان یەکسان بوو، ئەوا بەپێی هەمان یاسا و ماددە، تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

لە سەرانسەری عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ هەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لەو رێژەیەش، لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٤٨٦ هەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە و بە دەنگەکانی کەرکوکەوە ٤ ملیۆن و ٤٩٣ هەزار و ١٦٩ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

لەبارەی ژمارەی کانیدەدەکانیشەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ کاندید بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق.

هاوکات، (٦٧) کاندیدیش لەسەر ئاستی عێراق رکابەری بەدەستهێنانی (٩) کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکەن.

دابەشبوونی بازنەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان:

ئەم پارێزگایە بەسەر چوار بازنەدا دابەش بووە، کە تیایدا ( یەک ملیۆن و ٢٣٨ هەزار و ٣٧٩) کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە هەولێر بازنەکان بەم شێوەیە دابەشدەبن:

بازنەی یەکەم- سۆران، رەواندز، چۆمان، شەقڵاوە (چوار کورسی بۆ تەرخان کراوە.)

بازنەی دووەم- دەشتی هەولێر، کۆیە، خەبات (چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی سێیەم- ڕۆژئاوای هەولێر (سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی چوارەم- ڕۆژهەڵاتی هەولێر (چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بەوپێیەش لە هەولێر کۆی گشتی کورسیەکان: ١٥ کورسییە

پارێزگای سلێمانی

ئەم پارێزگایە بەسەر ٥ بازنەدا دابەشبووە، کە تیایدا (یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.)

بازنەی یەکەم- باکوری قەزای ناوەندی سلێمانی و شارباژێڕ (چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی دووەم- باشوری سلێمانی و قەرەداغ (سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی سێیەم- شارەزور و هەڵەبجە و پێنجوێن (سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی چوارەم- ئیدارەی راپەڕین، پشدەر، رانیە، قەڵادزێ (چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی پێنجەم- ئیدارەی گەرمیان، کەلار و کفری (چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

کەواتە لە سلێمانی کۆی گشتی ٥ بازنەیە ١٨ کورسی تێدایە

پارێزگای دهۆک

ئەم پارێزگایە بەسەر سێ بازنەدا دابەش بووە، کە تیایدا (٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانیان هەیە)، لە دهۆک بازنەکان بەم شێوەیە دابەشدەبن:

بازنەی یەکەم- ناوندی دهۆک، ئامێدی ( چوار کورسی بۆ تەرخان کراوە.)

بازنەی دووەم- زاخۆ، سێمێڵ (سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی سێیەم- ئاکرێ، شێخان، بەردەڕەش (چوار کورسی بۆ تەرخان کراوە.)

کەواتە کۆی گشی کورسیەکان لە دهۆک:١١ کورسییە

پارێزگای کەرکوک

کەرکوک بەسەر سێ بازنەدا دابەش بووە، کە (یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٥١٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.)

بازنەی یەکەم- ناوەندی باکوری قەزای کەرکوک (پێنج کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی دووەم- ناوەڕاستی ناوەندی قەزای کەرکوک ( چوار کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

بازنەی سێیەم- حەویجە، ریاز (سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.)

کۆی گشتی لە کەرکوک سێ بازنە بوونی هەیە و ١٢ کورسی تێدایە

دابەشبوونی کورسییەکان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق:

بەغدای پایتەختی عێراق لە ١٧ بازنە پێکدێت کە زۆرترین کورسی پەرلەمانی عێراق لەو پارێزگایەدایە کە ژمارەیان ٦٩ کورسیە و ٨٨٣ کاندید رکابەرن و تیایدا (٥ ملیۆن و ٥٨٦ هەزار و ٣٤٧ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.)

-پارێزگای نەینەوا لە ٣١ کورسی پێکدێت

-پارێزگای بەسڕە لە ٢٥ کورسی پێکدێت

-پارێزگای زیقاڕ لە ١٩ کورسی پێکدێت

-پارێزگای بابل لە ١٧ کورسی پێکدێت

-پارێزگای ئەنبار لە ١٥ کورسی پێکدێت

-پارێزگای دیالە لە ١٤ کورسی پێکدێت

-پارێزگای سەڵاحەدین لە ١٢ کورسی پێکدێت

-پارێزگای نەجەف لە ١٢ کورسی پێکدێت

-پارێزگای کەربەلا لە ١١ کورسی پێکدێت

-پارێزگای واست لە ١١ کورسی پێکدێت

-پارێزگای میسان لە ١٠ کورسی پێکدێت

-پارێزگای موسەنا لە ٧ کورسی پێکدێت

پەرلەمانی عێراق لە (٣٢٩) كورسی پێكدێت، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، لەم ژمارە كورسییە تەنیا (٩) كورسی وەكو "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان دیاریكراوە.

لە پێشتردا لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێنمای و بڕیاری نوێی لەبارەی رۆژی دەنگدان دەرکرد کە تایبەتبوون بە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان.

وتەبێژی لیژنەی باڵای ئاسایشی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو رێکارانە بۆ پاراستنی ئاسایشی تەواوەتی پرۆسەی هەڵبژاردنە و وتیشی، هاتوچۆی ماتۆرسکیلیش لە نێو شارەکان قەدەغە دەبێت و رێگەش بە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دەدرێت تەنیا بەمەبەستی ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی دەنگدەران لە ماڵەوە بۆ ناوەندەکانی دەنگدان.

 








گەلەری