سەردێڕ:

پەیامى نوێى موقتەدا سەدڕ لەبارەى هەڵبژاردنەوە

PM:08:07:08/10/2021

5644 جار خوێندراوەتەوە

رێبەرى رەوتى سەدڕ داوا لە هاوڵاتییان و ئەندامانى رەوتەکەى دەکات بەشدارى لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى رۆژى یەکشەممە بکەن و پشتیوانى لە پڕۆژەى چاکسازى بکەن.


ئەمڕۆ هەینى، موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارێکى تەلەفزیۆنیدا داواى لە هاوڵاتیان و ئەندام و لایەنگرى رەوتى سەدر کرد بەشدارى لە هەڵبژاردن بکەن.

سەدر داواشى کرد هاوڵاتیان و ئەندامانى رەوتەکەى پشتیوانى لەو پڕۆژە چاکسازییە بکەن کە دەستیان داوەتێ و ئاماژەى بەوە کرد "لەناوبردنى گەندەڵکاران سەرکەوتنێکى گەورەیە بۆ نیشتیمان".

لێدوانەکەى سەدر لە کاتێکدایە کە پێشتر مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا سەرکەوتنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى تایبەتى راگەیاند و وتى "یەکەم هەنگاوی بەشداری گەلی عێراق بۆ گۆڕانکاری سەرکەوتوو بوو".

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، حکومەت بەهەموو شێوەیەک خۆی پاراستووە لەوەی دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکان یان لایەنداری بۆ لایەنێک هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا کازمى جەختى کردەوە "پێداگری دەکەین لەسەر ئەوەی دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پاک و شەفاف و بێگەردبێت".

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان هەبوو، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش مافی دەنگدانیان هەبوو، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو.













گەلەری