سەردێڕ:

کۆمسیۆن وادەى کۆتایهاتنى دەنگدانى تایبەتى دیارى کرد

PM:05:00:08/10/2021

4812 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانى کۆمسیۆن رایانگەیاند "تا ئێستا هیچ گرفتێک لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکەدا نییە و ئامێرەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاتژمێر شەشی ئێوارە لەکار دەوەستن.


حەیدەر محەمەد ئەحمەد، بەڕێوبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "هەموو ئامادەکارییەکان کراوە و لە سنووری پارێزگای هەولێر ٩٠ هەزار و ٥٤ دەنگدەری تایبەت هەیە و ٢٥ هەزار و ٢٠٠ دەنگدەری ئاوارەشمان هەیە کە ٩٠ هەزارەکە دابەشبوون بەسەر ٥٢ بنکە و ئاوارەکانیش بەسەر ٢٠ بنکە دابەشبوون.

حەیدەر محەمەد ئەحمەد کە لە ناو بنکەیەکی تایبەت بە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا قسەی بۆ میدیاکاران دەکرد جەختی لەوە کردە کە پڕۆسەکە تا ئێستا بەبێ گرفت بەرەوپێشەوە دەچێت.

هاوکات سیروان محەمەد حوسێن بەڕێوبەری بنکەی عەنکاوە، رایگەیاند کە تا ئێستا هیچ گرفتێک لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانەکەدا نییە و ئاشکرایشی دەکات کە ئامێرەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کاتژمێر شەشی ئێوارە لەکار دەوەستێت.

سیروان محەمەد وتیشی: "پرۆسەکە زۆر بە رێکوپێکی بەڕێوەدەچێت، هەتا ئەو کاتە هیچ گیروگرفێک رووینەداوە و دڵنیاییشیان پێداوین کە ئامێرەکان کێشەیان نابێت، ئەمڕۆ ئەنجامەکان ئاشکرا ناکرێن".

لەبارەی گرفتی ناو نەهاتنەوەی هەندێک لە دەنگدەرە تایبەتەکان، سیروان محەمەد رایگەیاند، "رەنگە هەڵەیەکی تەکنیکی هەبێت و لە شوێنێکی دیکە ناویان هەبێت".

لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ ھەینی ھەشتی تشرینی یەکەم، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەتی ھێزەکانی ناوخۆ، ئاسایش و ئاوارەکان و بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشخانەکان کرانەوە و پڕۆسەکە تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش هاوکات پڕۆسەکە دەستی پێکرد.

بەپێی رێککەوتنی نێوان کۆمیسیۆن و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگاکان، دەبێت پارێزگاکان ئۆتۆمبێل بۆ هاتوچۆی ئاوارەکان دابین بکەن.













گەلەری