سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید بۆ دەنگدەران: بڕۆن تۆڵەی خۆتان بکەنەوە

PM:02:40:08/10/2021

8752 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئاهەنگێکدا بۆ سەرکەوتنی لیستەکەیان داوا لە دەنگدەران دەکات، بچن دەنگ بدەن و تۆڵەی بردنی داهات و بڕینی موچەکانیان بکەنەوە.


شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ باسی لەوەکرد، ئەم دەنگدانە دەنگدانی یەکلاکەرەوەیە کە ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز چاودێری ئەم هەڵبژاردنە دەکەن و داواشی لە دەنگدەرانی هەرێم کرد دەنگ بدەن.

شاسوار عەبدولواحید بە دەنگدەران دەڵێت، "رۆژی ١٠/١٠ سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر حزبە دەسەڵاتدارە ‏شکستخواردووەکانی هەرێم تۆمار بکەن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "سێ ساڵی ئەزموونی سیاسی ئێمە تەمەنی ٧٠ ساڵی ئەزموونی سیاسی ئەوان بەراورد بکەن و ببینن چۆن ترساون."

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، "هەندێک لایەن بە مەبەست باسی ساختەکاری دەکەن بۆ ساردکردنەوەی خەڵک، بەڵام ئێوە بڕۆن و دەنگبدەن."

وتیشی، "دەبێت سەردەمی نەوەی نوێ سەردەمی ژیانکردنی خەڵک بێت نەک بەقوربانیکردنی خەڵک وەک ئەوەی لە سی ساڵی رابردوو حزبەکانی دەسەڵات کردویانە."

ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکانی عێراق و زیندانیان بەڕێوەدەچێت و یەکشەممە، ١٠ی ئەم مانگەش، دەنگدانی گشتی هاوڵاتیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە داواکارییەکی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ساڵی ٢٠١٩ بوو.

بەیانی ئەمڕۆ ھەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێرادق دەستی پێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە ٥٩٥ بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پارێزگاری ھاوڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت. لەگەڵ ئاوارەکانی عێراق و زیندانیاندا.

لەسەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.

پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون، بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.













گەلەری