سەردێڕ:

وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکى ئەمەریکا و چین ئاشکرا کرا

AM:11:42:07/10/2021

2460 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و چی جینپینگ سەرۆکی چین بەنیازن لە کۆتایی ئەمساڵدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوانیان ساز بکەن.


ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و چی جینپینگ سەرۆکی چین لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەدەچێت.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشدا، بایدن خواستوویەتی جینپینگ ببینێت، ئەمە چەند ساڵێکە دیداری لوتکەی نێوان سەرۆکی چین و ئەمەریکا سازنەکراوە.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان چی جینپینگ ئامادەی کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمەڵەی ٢٠ نابێت لە رۆما، ئەمە هەلێک دەبوو بۆ یەکتر بینینی بایدن و جینپینگ.

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دیداری لوتکەی نێوان بایدن و جینپینگ، دوێنێ چوارشەممە هەریەک لە جایک سالڤیان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە زیۆریخ لە سویسرا لەگەڵ یانگ جیچی یەکێک لە دپلۆماتکارە باڵاکانی چین ماوەی شەش کاتژمێر کۆبوونەوە و لەنێویشیدا لەبارەی چەندین دۆسییە گفتوگۆیان کرد.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە ئاژانسی هەواڵی فەرمی شینخوای چینییەوە بڵاویکردەوە، یانگ جیچی ئاماژەی بەوەداوە، داوای لە شاندی ئەمەریکی کردووە پەرە بە هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتدا بدرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کاتێک چین و ئەمەریکا هاوکاری یەکتر دەکەن، هەردوو لا و هەموو جیهان لێی سودمەند دەبن، هەرکاتێکیش روبەڕووی یەکتردەبنەوە هەردوو وڵات و هەموو جیهان کێشەیان بۆ دروست دەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو، بۆ یەکەمجار دوای چەندین ساڵ، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و چی جینپینگ سەرۆکی چین لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا ماوەی ٩٠ خولەک گفتوگۆیان کرد.

 


کـ ، ئـ













گەلەری