سەردێڕ:

کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لەم ناوچەیە رادەگەیەنرێت

AM:09:48:07/10/2021

33036 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتیی هۆشدارى دەدەنە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەگەرى دابیننەکردنى نەوتى سپى بەهەمان نرخى ساڵانى پێشوو، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لە ناوچەکەیان رادەگەیەنن.


لە راگەیەندراوێکدا دەستەى سەرپەرشتیارانی ناڕەزایی ناوچەى باڵەکایەتیی ئاماژە بەوە دەکەن حکومەتى هەرێم نرخى بەرمیلێک نەوتى سپى ماڵانى لە ٤٠ هەزار دینارەوە بۆ ٥٧ هەزار دینار بەرزکردۆتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە ئەو نرخە رەتدەکاتەوە و داوا دەکەن نرخەکەى بۆ نرخى ساڵانى پێشوو بگەڕێنرێتەوە کە ٤٠ هەزار دینار بوو.

داواش لە هاوڵاتیانى ناوچەکە دەکەن بە هیچ شێوەیەک بڕە پارەی داواکراو کە ٥۷ هەزارە ڕادەستی بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک نەکەن و ئەوانەشی پارەکەیان داوە، پارەکانیان وەربگرنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا دەستەکە هۆشداری بەلایەنی پەیوەندیدار دەدەن ئەگەر بەزووترین کات و بە ئیجابی وڵامی داواکارییەکەی خەڵکی ناوچەکە نەدەنەوە و نرخی نەوتەکە کەمنەکرێتەوە بۆ نرخی ساڵانی پێشوو ، بێدەنگ و بێ هەڵوێست نابن و لەچەند ڕۆژی داهاتوودا، کات و شوێن بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانی سەرتاسەری لەباڵەکایەتیی ڕادەگەیەنن.













گەلەری