سەردێڕ:

ئەمریکا و ١١ وڵاتی دیکەی جیهان بەیاننامەیەکیان لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوکردەوە

PM:05:27:06/10/2021

7132 جار خوێندراوەتەوە

ئەمریکا و ١١ وڵاتی دیکەی جیهان بەیاننامەیەکی تایبەتیان بە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێن، "پێشوازی لە رێکارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین بۆ هەڵبژاردنەکانی ١٠ی١٠."


بەیاننامەکە پێک دێت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەریەکە لە ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، دەنیمارک، فیلەندا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا و نەرویج و تیایدا پشتگیری خۆیان بۆ ئامادەکارییەکانی حکومەتی عێراق لە پێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەڕلەمانی عێراق دەردەبڕن.

لە بەیاننامەکەدا رایانگەیاندووە، "ئەم هەڵبژاردنە هەلێکە بۆ دەنگدەرە عێراقییەکان بۆ بڕیاردان لە داهاتوویان بەرەو کەشێکی دیموکراسی."

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، "بەگرنگییەوە دەڕوانینە ئەم ساتە مێژوییە لە عێراقدا، وەکو جێبەجێکردنی داواکاری گەلی عێراق، هەربۆیە کۆمەک و هاوکارییەکی گەورە ئامادەکرا بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە ١٠ ى تشرینی یەکەمی داهاتوودا."

دەشڵێن، گەلی عێراق لە ئێستادا هەلێکیان لەبەردەستە بۆ جێبەجێکردن و پەسەنکردنی داواکارییە سەرەکیییەکانیان لە کاتی دەنگداندا، ئێمەش پشتیگریەکی تەواوی حکومەتی عێراق دەکەین لە پێناو دابینکردنی کەشێکی ئارام و ئازاد و دادپەروەرانە، کە تەواوی گەلی عێراق بگرێتەوە و لەنێویشاندا کچان و کوڕان، کە هەمیشە رووبەڕووی توندوتیژی دەبوونەوە وەکو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە چاکسازی."

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لەهەمانکاتدا ئێمە پشتگیری حکومەتی فیدڕاڵی دەکەین بۆ بەژداریکردنی ئەو کەسانەی کە ئاوارە بوون لە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئارام دەنگ بدەن وداواکاریشین لەسەرجەم لایەنەکان رێز لەسەروەری یاسا و ژینگەی پرۆسەی ئەم هەڵبژاردنە بگرن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیارە چوار رۆژی دیکە و لە ١٠ی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا یەکەم جارە نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری هەڵبژاردنەکان بکات.

 













گەلەری